Rewa Mahmood Hasan
03 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 10 شوبات 2020
سلێمانی-AA
دوای ئەوەی کە سەرکۆماری عێراق، محەمەد تۆفیق عەللاوی راسپارد بۆ پێکهێنانی حکوومەتی نوێ، کاردانەوەی لایەنەکان زیادی کرد و تا ئێستاش شەقامی عێراقی ناوبراویان قبوڵ نییە.
لایەنەکانی ناو ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق جگە لە کوتلەکانی سائیرون و فەتح، هێشتا هەڵوێستی خۆیان بەڕوونی ئاشکرا نەکردووە لەبەرامبەر محەمەد تۆفیق عەللاوی-دا، تەنها چاوەڕوانی ئەوەن کە بەرنامەی کاری حکوومەتەکەی ئاشکرا بکات و لەسەر ئەوە هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن، بە پاڵپشتیکردن یان رەتکردنەوەی.
هەرچی لایەنی شەقامیشە کە ئێستا لە خۆپیشاندانێکی بەرفراواندان، محەمەد تۆفیق عەللاوی بە شیاو نازانن بۆ پڕکردنەوەی ئەو پۆستە کە پێشتر چەند مەرجێکیان هەبووە بۆ کاندیدی سەرۆکی حکوومەت.
ئاژانسی ئانادۆڵو بەمەبەستی قسەکردن لەسەر ئەو پرسە، هەڤپەیڤینێکی لەگەڵ ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی گۆڕان، هۆشیار عەبدوڵڵا ئەنجامدا و چەند پرسیارێکی ئاراستە کرد.
هوشیار عەبدوڵڵا سەبارەت بە هەڵوێستی فراکسیۆن و کوتلە سیاسییەکانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر دیاریکردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی رایگەیاند، "پێشتر محەمەد تۆفیق عەللاوی لەگەڵ زۆربەی کوتلەکان دانیشتووە، لەگەڵ کوردەکان، سوننەکان و شیعەکان دانیشتووە، چونکە چەند مانگێکە ناوبراو هەوڵدەدات ئەو پۆستە بەدەست بهێنێت، بەڵام ئەوەی بەشێوەیەکی فەرمی پشتیوانیان کردووە، هەمان هاوکێشەکەی سەردەمی راسپاردنی عادل عەبدولمەهدی دووبارە بۆتەوە، ئەوانەی پشتگیری عەبدولمەهدی-یان دەکرد ئێستاش پشتگیری لە عەللاوی دەکەن کە بریتین لە سائیرون و فەتح، لەکاتێکدا کوتلەی فەتح لە چەند گرووپێکی سوننە و کوتلەی سائیرونیش خۆی پێکدێت لە هاوپەیمانی چەند گرووپێک، بەڵام هەڵوێستی گرووپ و فراکسیۆنەکانی تر وەستاوەتەوە سەر ئەو بەرنامە سیاسیەی عەللاوی ئاشکرای دەکات.
ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی گۆڕان، هۆشیار عەبدوڵڵا لەبارەی هەڵوێستی فراکسیۆنە کوردستانیەکانیشەوە ئاماژەی بەوەدا کە تا ئيستا نە رەتیان کردۆتەوە نە پشتگیری خۆیشیان بۆ دەربڕیوە.
هۆشیار عەبدوڵڵا لە وەڵامی پرسیارێکی پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵودا کە ئایا دەستنیشانکردنی محەمەد تۆفیق عەللاوی کاریگەریی دەبێت لەسەر دامرکانەوەی خۆپیشاندانەکانی بەغدا و خوارووی عێڕاق جەختیکردەوە لەوەی کە خودی عەللاوی مەرجەکانی خۆپیشاندەرانی تێدا نییە و گوتی:
"یەکێک لە مەرجەکانی خۆپیشاندەران ئەوەبوو کە ئەو کەسەی دەبێتە سەرۆکوەزیران نابێت خاوەن رەگەزنامەی دوو وڵات بێت، بەڵام محەمەد تۆفیق عەللاوی خاوەن رەگەزنامەی عێراق و بەریتانیاشە، یەکێکی تر لە مەرجەکانیان ئەوەبوو نابێت سەرۆکوەزیرانی داهاتوو پێشتر بەشداری کردبێت لە پرۆسەی سیاسیدا، محەمەد تۆفیق عەللاوی لە سەردەمێکدا پەرلەمانتار بووە و لەقۆناغێکی تردا وەزیر بووە، بۆیە ئەو مەرجەش نایگرێتەوە، جگە لەوە یەکێک لە داواکاریە سەرەکییەکانی خۆپیشاندەران ئەوە بوو کە ئەو ناوە نابێت لەلایەن کوتلە سیاسییە گەورەکانی پەرلەمان دەستنیشان بکرێت و رابسپرێرێت، بەڵام محەمەد تۆفیق عەللاوی لەلایەن فەتح و سائیرون-ەوە راسپێردراوە. هەر بۆیە شەقامی ناڕازی و راپەڕیوی عێراقی ئەو کەسەیان رەتکردۆتەوە".
سەبارەت بەو پێوەرانەی وایکردووە سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح کەسایەتی سیاسیی محەمەد تۆفیق عەللاوی دەستنیشان بکات بۆ پۆستی سەرۆکوەزیرانی نوێی عێڕاق ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی گۆڕان، هۆشیار عەبدوڵڵا رایگەیاند کە هەر لەسەرەتاوە ئاماژەکان بەو ئاراستەیەدابوون کە بەبێ رێککەوتنی فەتح و سائیرون، ناتوانرێت کەسێک دەستنیشان بکرێت بۆ ئەو پۆستە، هەوڵەکانی سەرکۆماری عێراق، بەرهەم ئەحمەد ساڵح-یش بەو ئاراستەیەدابوو کە ئەو دوو کوتلەیە بگەنە رێککەوتن و گوتی:
"پێم وابوو لەسەرەتاوە پێویستی نەبوو ئەو هەموو نووسراوە فەرمییە بۆ پەرلەمان و دادگای فیدرال بکرێت تاکو بزانرێت کوتلەی گەورە کێیە و کێ نییە، ئەمە وای کرد کاتێکی زۆر بەفیڕۆ بڕوات، هەروەها وایشی کرد خۆپیشاندانەکان بەردەوام بن و کەسانێکی زیاتریش شەهید و بریندارببن، رەخنەکان لەئێستادا کە ئاراستەی سەرۆکایەتی کۆمار و ئەو دوو کوتلەیە (سائیرون و فەتح) دەکرێن ئەوەیە کە ئەگەر نیاز وابوو رێککەوتن بکەن لەسەر (محەمەد تۆفیق عەللاوی، بۆ زوو رایاننەگەیاند و ئەو هەموو چاوەڕوانیکردنە لە پای چی بوو".