Rewa Mahmood Hasan
26 شوبات 2020•نوێکردنەوە: 27 شوبات 2020
سلێمانی-AA
بە سەرپەرشتی پارێزگاری سلێمانی، هەڤاڵ ئەبوبەکر لە دیوانی پارێزگا كۆبوونەوەی ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای سلێمانی بەڕێوەچوو، کە تێیدا بەڕێوەبەری گشتی فەرمانگە پەیوەندیدارەكانی پەیوەست بە رێگریكردن و خۆپارێزیی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەشداربوون.
بەپێی راگەیەنراوێکی پارێزگای سلێمانی، لە کۆبوونەوەکە رێوشوێنی پێویست بۆ سەرپەرشتیكردن و چاودێریكردنی وردی دەروازە نێودەوڵەتییەکان و مەرزو بازگەكان بۆ بەردەوامبوونی ئاڵوگۆڕی بازرگانیی دیاریكران.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێکی گرنگ دەرکرا لەوانە، داخستن و چاودێریكردنی وردی رێگا نایاساییەكانی گەڕانەوە بۆ هەرێمی كوردستان.
هاوکات هەر هاووڵاتییەك لە ئێران-ەوە گەڕابێتەوە بۆ هەرێمی كوردستان لەدوای ٢٠ی شوباتی ٢٠٢٠ەوە، بە هەر رێگا و ئامرازێك، پێویستە خۆیان بە دەزگا تەندروستییەكان بناسێنن، بەپێچەوانەوە رێكاری یاساییان لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.
یەکێکی دیکەی لە بڕیارەکانی کۆبوونەوەکە تایبەتە بە هاتوچۆی پەناهەندە و ئاوارەكان بۆ شارەكانی دیکە و تێیدا هەموو هاتۆچۆیەکی پەناهەندەکان قەدەغەکراوە و هەر كەسێك شوێنەكەی خۆی لە سنووری پارێزگای سلێمانی لەم ماوەیەدا بەجێ بهێڵێت، رێی پێ نادرێت بگەڕێتەوە پارێزگای سلێمانی تا كاتێكی نادیار.
بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکە تایبەت بووە بە پشکنینی زانستی تاقیگەی تایبەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنا و ئاماژە بەوە کراوە کە پرۆسەی پشكنینی زانستی تاقیگەیی لەلایەن بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستی سلێمانییەوە دەستپێكراوە و لە رۆژانێكی نزیكدا دەتوانرێت پشكنینی تەواو بۆ هەر گومانلێكراوێك بكرێت.
ئاماژە بەوە کراوە کە هەموو فەرمانگە پەیوەندیدارەكان لە رێی لیژنەكانی قایمقامییەتی سلێمانی و یەكە كارگێڕییەكانی دیکەوە راسپێردران بۆ رێگریكردن لە هەر كۆبوونەوە و چالاكی و بۆنە و یادێكی گشتی كە كۆبوونەوە و بەریەككەوتنی كۆمەڵایەتی تێدا رووبدات.
هاوکات سەردانیكردنی نەخۆش و راگیراو و بەندكراوەكان تا كاتێكی نادیار قەدەغە کراوە.
قەدەغەكردنی نێرگەلەكێشان لە كافتریا و شوێنە گشتیەكاندا، داخستنی مەلەوانگەكان، راگرتنی لایڤ میوزیك و هەر شوێنێكی دیکە كە فەرمانگە پەیوەندیدارەكان و لیژنەكانی قایمقامییەت بەپێویستی بزانن دەگرێتەوە تا كاتێكی نادیار.
هەروەها هاتنی گرووپی گەشتیاریی و هاتنی گەشتیار لە ئێران و شارەكانی نەجەف و كەركووكەوە، تا كاتێكی نادیار قەدەغە دەكرێت.