Rewa Mahmood Hasan
13 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 14 مای,س 2020
سلێمانی-AA
نزیکەى دوو مانگە وەرزى قەدەغەکردنى راوکردنى ماسییە، هەرچەندە مەفرەزەکانى پۆلیسى دارستان لە سەرجەم بنکە و بەشەکان لە ئامادەباشیدان لە پێناو پارێزگاریکردن لە سامانى ماسى، بەڵام هەندێک لە هاووڵاتییان پابەند نابن بەڕێنماییەکانى پۆلیسى دارستان و سەرپێچى دەکەن و بۆ ئەم مەبەستە لە سنوورەكانى سەید سادق و دووكان چەندین ماسى لە تۆڕەکان لێکرانەوە جارێکى تر گەڕێندرانەوە ناو ئاوی دەریاچەکان.
لەو بارەیەوە بەڕێوەبەری راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی دارستان و ژینگەی سلێمانی، عمید هێمن كمرخان رایگەیاند "نیگەرانین لەوەى هەندێک لە هاووڵاتییان بێ هەستکردن بە بەرپرسیارێتى دەبنە هۆى زیان گەیاندن بە سروشت و ژینگەى کوردستان، بەڵام خۆشبەختانە بەهۆى ئەرک و ماندوو بوون و شەونخونى ئەفسەر و کارمەندانى بەڕێوەبەرایەتیمان لە سەرجەم دەریاچەکان ئامادەییان هەیە بۆ رێگریکردن لە سەرپێچیکاران لە ئەنجامى دەرچونێکى مەیدانى مەفرەزەکانى بەشى پۆلیسى دارستان و ژینگەى سەید سادق بۆ دەریاچەى سیروان توانیان دوو تۆڕى ماسى هەڵبگرنەوە، هاوکات دەست گیرا بەسەر یەک چوپ، سەوڵ و یەک ماتۆڕسکیلدا کە لەلایەن راوچیەکانەوە بەجێمابوون".
لەلایەکى ترەوە لە ئەنجامى دەرچوونێکى مەفرەزەکانى بەشى پۆلیسى دارستان و ژینگەى دووکان بۆ ناو دەریاچەى دووکان لە سنورەکانى گوندى گردە سۆران و تۆپزاوا، مەفرەزەکانی پۆلیسی دارستان توانیان چوار تۆڕی ماسى گرتن هەڵ بگرنەوە کە چەندین ماسى زیندووى لەخۆگرتبوو و جارێکى تر ماسییەکان گەڕێندرانەوە ناو ئاوی دەریاچەکە.
عمید هێمن کمرخان جارێکى تر داواى لە هاووڵاتییان کرد کە لەپێناو پاراستنى سروشت و ژینگەى کوردستاندا، پێویستە هەمووان پابەندبن بەڕێنماییەکانى پۆلیسى دارستان.