Heman Hussein Yaseen
13 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 21 مای,س 2020
هەولێر - AA
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دیندار زێباری ئاماژە بەوە دەکات کە بڕیار وایە تیمێک لە دادوەران و شارەزایان لە عێراق دابمەزرێن بۆ دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش و لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢١ یەکەم دادگاییکردنی تیرۆریستان بەڕێوەدەچێت، ئاشکرایشی دەکات کە ھەرێمی کوردستان رۆڵی دەبێت لە گێڕانەوەی مافی کەسوکاری قوربانییان لە رێگای ئەنجامدانی دادگاییکردنێکی عادیلانە.
دیندار زێباری لە راگەیەندراوێکدا تیشکی خستووەتە سەر تیمی نیشتمانی عێراق کە کار دەکات لەگەڵ یۆنیتاد و دەڵێت "بڕیار وایە تیمێکی پسپۆرانی نیشتمانیی دادوەران لەسەر ئاستی عێراق دابمەزرێت بۆ کارکردن لەگەڵ تیمی یۆنیتاد بۆ ھەماھەنگی و پەرەپێدانی توانای دادوەرانی عێراق لە مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو تاوانانەی لەلایەن داعشەوە ئەنجامدراون کە بەگوێرەی پێوەرە نێودەڵەتییەکان دەگاتە ئاستی تاوانەکانی جەنگ، تاوان دژبە مرۆڤایەتی و تاوانی کوشتنی بەکۆمەڵ، تیمی دادوەرانی عێراق کە ھەرێمیش لەخۆ دەگرێت".
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا زێباری دەڵێت "یۆنیتاد پرۆگرامێکی مەشق و راھێنان بۆ ئەو دادوەرانە ئامادە دەکات، چونکە بەشداری راستەخۆیان دەبێت لە لێکۆڵینەوەکان و ئەگەر پێویست بێت لە پرۆسەی دادگاییکردنیشدا ئامادە دەبن کە بڕیار وایە یەکەم دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش لە ناوەڕاستی ساڵی ٢٠٢١ ئەنجام بدرێت".
سەبارەت بە رۆڵی ھەرێمی کوردستان لە تیمی پسپۆر و دادوەرانی نیشتمانی عێراق لە چوارچێوەی یۆنیتاد رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەڵێت "یۆنیتاد ژمارەیەک ناوی پێشکەش کردووە وەک پسپۆڕی نیشتمانیی، ئێمە جەختمان لەسەر ئەوە کردووەتەوە کە پێویستە دەرفەت بدرێت بە دادوەران، کەسانی شارەزا و چالاکوانان بۆ کارکردن وەک پسپۆڕی نیشتمانیی لە چوارچێوەی یۆنیتاد، ھەروەھا ھەڵسەنگاندنیان بۆ بکرێت بۆ دڵنیابوون لەوەی ھیچ گرفتێکیان نییە بەتایبەتی لە رووی ئەمنییەوە. بۆ ئەم مەبەستەش لەلایەن خۆمانەوە چەند دادوەرێکمان پێشنیاز کرد کە بۆ ماوەیەک راستەوخۆ کاریان لەسەر ئەو کەیسانە کردووە و شارەزاییەکی زۆریان ھەیە، بۆیە رۆڵیان دەبێت لە گێڕانەوەی مافی کەسوکاری قوربانییان و قەرەبووکردنیان و ئەنجامدانی دادگاییکردنێکی عادیلانە".