Abdulhameed Husseın Karam
01 مای,س 2020•نوێکردنەوە: 02 مای,س 2020
ھەولێر - AA
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان پێشوازی لەراپۆرتی لیژنەی ئازادییە ئایینییەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا دەکات.
رۆژی ٢٨/٤/٢٠٢٠ کۆمیسیونی ئەمەریکی بۆ ئازادییە ئایینییەکان (USCIRF) لە وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی خۆی دەبارەی رەوشی پێکھاتە ئایینییەکان لە ساڵی ٢٠١٩ بڵاو کردەوە، لەم راپۆرتەدا تیشک خراوەتە سەر چەند وڵاتێک کە پێشێلکاریی ئایینییان تێدا ئەنجامدراوە، ھەروەھا ئەو وڵاتانەش دیاری کراون کە لەم رووەوە پێشکەوتنیان بەدەستھێناوە.
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دیندار زێباری لە راگەیەنراوێکدا کە بڵاویکردووەتەوە ئاماژەی بە راپۆرتی کۆمیسیونی ئەمەریکی بۆ ئازادییە ئایینییەکان کردووە و راشیگەیاندوە: "ئێمە لە نووسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لە پەیوەندیداین لەگەڵ کۆمیسۆنی ناوبرا و ھەر تێبینی و سەرنجێکیان ھەبێت لەم رووەوە بە بەڵگە و داتا روونکردنەوەی حکوومەتی ھەرێممان لە بارەی ئازادییە ئایینییەکان خستۆتەڕوو، ئێمە پێشوازی لە راپۆرتەکە دەکەین سەبارەت بە رەوشی پێکھاتە ئایینییەکان، کە تێیدا ئاماژەی بە رۆڵی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان کردووە لە پێشوازی کردن و حەواندنەوەی زیاتر لە دوو ملیۆن ئاوارە و پەنابەر کە بەشی ھەرە زۆریان لە پێکھاتە ئایینیەکان بوون و ھەرێمییان بە نەوایەکی ئارام و نموونەیی زانیوە کە تیێدا بتوانن بە ئازادی ژیان بەسەر بەرن".
دیندار زێباری ئەوەشی روونکردوەتەوە کە راپۆرتەکە تیشک دەخاتە سەر بوونی چەند ھێزێک لە ناوچە جێناکۆکەکان و لەو بارەیەوە دەلێت: "لە دوای نەمانی دەسەڵاتی داعش ھاووڵاتییانی ناوچە جێناکۆکەکان نەیاتتوانیوە بگەڕێنەوە، بۆ دووبارە دەست پێکردنەوەی ئاوەدانی شارەکە، چەندین جار داوامان کردووە کە پێویستە سیمای عەسکەرتاری لە ناوچەکە بنبڕ بکرێت و دام ودەزگا شەرعی و ھەڵبژێردراوەکان بگەڕێنەوە بۆ دەست پێ کردنەوەی کارەکانیان و پێشکەش کردن خزمەتگوزاری پێویست بە خەڵکی ئەو شارە و دەورووبەری، بەڵام تا ئێستە نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە و دەست بە کارەکانی خۆیان بکەن".
ھەروەھا رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان رادەگەیەنێت: " نەگەڕانەوەی دامودەزگا شەرعییەکانی شنگال بۆتە ھۆی درووستبوونی بۆشاییەکی ئەمنی و ئیداری و کۆسپێکی گەورەی درووستکردووە لەبەردەم ئاوەدان کردنەوەی شارەکە و گەڕانەوەی خەڵکەکەی ئەمەش نیگەرانییەکی زۆری ھاووڵاتیانی لێکەوتۆتەوە بە ھەموو پێکھاتە ئایینی و نەتەوەییەکان وکاریگەرییەکی زۆری بەسەرھاووڵاتییانی شنگال ھەیە لە ھەمان کاتدا ھۆکارێکە بۆ نەگەڕانەوەی زۆربەی ئێزیدییەکان بۆ سەر زێدی خۆیان.
سەبارەت بە رزگارکردنی رفێندراوەکانی دەست داعش زێباری دەلێت: "دوو لیژنە دامەزراوە بۆ رزگارکردنی ئێزدییە رفێندراوەکان و بەجینۆسایدناساندنی کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان، کارەکانی ئەم دوو لیژنەیە بەردەوامە و لەم رووەوە ھەزاران رفێندراو ئازادکراون، لەلایەکی دیکەوە بە سەدان دۆسییە ئامادە کراوە بۆ بەجینۆسایدناساندنی کەیسی کۆمەڵکوژیی ئیزدییەکان".
ئەوەشی روونکردوەتەوە کە بە ھەوڵ و کۆششەکانی حکوومەت تاکو رۆژی ١٦/٢/٢٠٢٠ ژمارەیەکی زۆریان رزگار کران، بەم شێوەیەن: (٣٥٣٠) کەس لەوانە (١١٩٩) ئافرەت و (٣٣٩) پیاو، (١٠٤١) منداڵ کچ و (٩٥١) منداڵی کوڕ، لەلایەکی دیکەوە لە دوای ئازاد کردنی ئەو ناوچانە لە دەست تیرۆریستانی داعش (٧١) گۆڕی بەکۆمەڵ و دەیان گۆڕی تاک لەو ناوچانە دۆزراوەنەتەوە، کە لە دەست داعش رزگار کراون کە بەشی ھەرەزۆری قوربانییەکانی کوردانی ئێزدی بوون.
کۆمیسیونی ئازادییە ئایینییەکان لە وەزارەتی دەرەوی ئەمریکا (USCIRF) کۆمسیۆنێکی سەربەخۆیە لەلایەن کۆنگریسی ئەمریکا دامەزراوە، بەمەبەستی دەستنیشان کردن و شیکردنەوەی ھەر ھەڕەشەیەک کە لە دەرەوەی ئەمریکا لەسەر پێکھاتە ئایینییەکان ھەبێت، ساڵانە راپۆرتێک پێشکەش دەکات و تێیدا راسپاردەکانی بەرز دەکاتەوە بۆ وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بۆ ئەنجامدانی کاری پێویست و رووبەڕووبوونەوەی ھەر جۆرە چەوسانەوەیەکی ئایینی بە مەبەستی پتەوکردنی ئازادیی بیروباوەڕی ئایینی لە جیھان.