Azat Muhammet
07 تشرینی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 08 تشرینی دووەم 2016
نەینەوا ــ AA
فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی زێرەڤانی، لیوا عەزیز وەیسی لە میحوەری باشیك بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "ئەوەی لە پلانی هێزەكانی پێشمەرگەدا بێت تا ئێستا لەو هەر سێ قۆڵەی كە پێشمەرگە تێیدا هێرشی كردووەتە سەر تیرۆریستانی داعش بە سەركەوتوویی بە ئامانج گەیشتووە، بەبێ هەبوونی هیچ بەربەستێك ئۆپەراسیۆنەكە بەردەوامە بۆ قڕ كردنی تیرۆریستانی داعش و پاككردنەوەی شارەدێكە لە پاشماوەكانیان".
عەزیز وەیسی گوتی: "هێزەكانی پێشمەرگە ناوچەكانی بەحزانی سەربە باشیكیان كۆنتڕۆڵكردووەتەوە تەنها ئەوە ماوە پاكبكرێتەوە لە پاشماوەی تیرۆریستان، هەروەها لە قۆڵەكانی دیكەیش گەیشتوونەتە ناوەندی شارەدێی باشیك لەگەڵ پێشڕەوی كردنی هێزەكانی پێشمەرگە بۆسەر تیرۆریستانی داعش، پێشمەرگە سەنگەری بەرگری بەهێز دەكەن لە ناو شارەكەدا، ئۆپەراسیۆنی پاككردنەوەی باشیك لە تیرۆریستان بەو پەڕی باشییەوە بەردەوامە".
لەبارەی یەكلاییبوونەوەی ئۆپەراسیۆنەكە و كۆنترڵكردنەوەی باشیك بە تەواوی فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی زێرەڤانی گوتی: "ناتوانین بڕیار بدەین كە تا ئێوارە بە یەكجاری شەڕەكە كۆتایی دێت یان نا، چونكە تیرۆریستانی داعش تونێلیان هەڵكەندووە لە ناو گەڕەكەكانی شارەدێی باشیك ئەگەری ئەوە هەیە لە ناو تونێلەكاندا خۆیان حەشار دابێت، لە ئان وساتێكدا رووبەڕوو بوونەوە دێتە ئاراوە، بەڵام دەربارەی كۆنتڕۆڵكردنەوە ئێستا شارەكە كەوتووەتە ژێر كۆنتڕۆڵی هێزەكانی پێشمەرگە".
عەزیز وەیسی باسی لە گرنگی رۆڵی هاوپەیمانێتی دژی داعش كرد و گوتی: "فڕۆكەكانی هاوپەیمانان هەنگاو بە هەنگاو چاودێری پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە دەكەن و، هەر جموجۆلێكی تیرۆریستانی داعش لە ناوچەكە هەبێت مووشەك بارانی دەكەن و لەناویان دەبەن، ئەو هاوكارییەی فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتی دژی داعش بووەتە هۆی كار ئاسانی تەواو لەبەردەم پێشڕەوییەكانی پێشمەرگە و شكست هێنان بە داعش".
سەبارەت بە بەرزکردنەوەی ئاڵای سپی لەسەر خانووەكانی ناو شارەدێی باشیك فەرماندەی فەرماندەیی هێزەكانی زێرەڤانی ئاشكرای دەكات كە هیچ هاووڵاتییەكی سڤیل لە ناو باشیك نەماوە، ئەوانەی ماون هەموویان تیرۆریستی داعشن، بەرزکردنەوەی ئاڵای سپی بە تاكتیكی دەزانین لەلایەن داعشەوە ئەنجامدرابێت بۆ ئەوەی خۆیان لە بۆردومانەكانی فڕۆكە جەنگییەكان هاوپەیمانان بپارێزن، ئێمەیش فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانانمان لەوە ئاگادار كردووەتەوە كە هیچ خێزانێك و هاووڵاتییەكی سڤیل لە ناو شارەدێی باشیك نەماوە".
ناوبراو لە درێژەی لێدوانەكانی دەڵێت "گومانمان لەوە نییە کە زیانێكی گەورە بە تیرۆریستانی داعش كەوتووە، بەڵام لەبەر بەردەوامی ئۆپەراسیۆنەكە تا ئێستا نازانین چەند تیرۆریستی داعش كوژراون، هەر لە هەر گەڕەك و ماڵێك كوژراوێكی داعش بەرچاو دەكەوێت، ئەوەی لەلای هەموو لایەكمان روون و ئاشكرایە ئەوەیە كە داعش جارێكی دیكە لەسەر دەستی هێزەكانی پێشمەرگە تووشی شكستێكی گەورە هاتەوە".
دوای ١٥ رۆژ لە گەمارۆدانی باشیك ئەمڕۆ هێزەكانی پێشمەرگە لە سەرجەم قۆڵەكانەوە هێرشێكی بەرفراوانیان بۆ كۆنتڕۆڵكردنەوەی و پاككردنەوەی شارەدێكە لە چەكدارانی داعش دەست پێكرد، تا ئێستاش ئۆپەراسیۆنەكە بەردەوامە.