Hemin Hüseyin
13 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2018
هەولێر - AA
سەرۆکی فراکسیۆنی لیستی چاکسازی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان، مونا قەهوەچی رایگەیاند، بڕیاریانداوە لەگەڵ لایەنە تورکمانییەکانی دیکەی ناو پەرلەمان بەیەک پاکێج بەشداری لە حکوومەتدا بکەن، ئاشکرایشی دەکات، کۆبوونەوەی نهێنی و دووقۆڵی هەبووە بۆ دانانی میکانزمێک لەبارەی پێکهێنانی حکوومەتی هەرێم.
مونا قەهوەچی لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، سەبارەت بە گفتوگۆکانیان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەت گوتی: "ئێمە وەکو پێکهاتەی تورکمان، تا ئێستا بە شێوەیەکی فەرمیی ئاگادار نەکراوینەتەوە بۆ ئەنجامدانی کۆبوونەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان، بەڵام کۆبوونەوەی دووقۆڵی و نهێنی هەیە بۆ دانانی میکانیزمێک بۆ پێکهێنانی حکوومەت".
دوو هەفتە لەمەوبەر، پێنج لایەنی تورکمان کە بریتیی بوون لە پارتی چاکسازی تورکمان، پارتی گەشەپێدانی تورکمان، بەرەی تورکمانی و لیستی میللەت کۆبوونەوەیەکیان ئەنجامدا و تیایدا لەسەر ئەوە رێککەوتن کە بەیەک پڕۆژە بەشداری لە حکوومەتی داهاتوودا بکەن و لەمبارەوە مونا قەهوەچی گوتی: "ئێمە بە پێنج پەرلەمانتار و بەیەک پاکێج بەشداری دەکەین بۆ چۆنییەتی بەشداریکردنمان لە حکوومەتی هەرێم، داواکارین کە لە سەرۆکایەتی حکوومەت و پەرلەمان جێگرەکانیان بدرێت بە پێکهاتەکەمان بۆ ئەوەی ئەو پێکەوەژیانەی هەرێمی کوردستان رەنگدانەوەی لە دەسەڵاتدا هەبێت".
سەرۆکی فراکسیۆنی لیستی چاکسازی تورکمان لە پەرلەمانی کوردستان ئاماژەی بەوەشکرد کە ئەوان پێداگیری دەکەن لەسەر وەرگرتنی پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و وەزارەتێکی خزمەتگوزاری و راشیگەیاند کە لە میانی گفتوگۆ و دانوستانەکاندا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان ئەو داواکارییە پێشکەش دەکەن.
مونا قهوەچی گوتیشی: "دەبێت هەر لیستێک بەپێی شایستەبوونی خۆی پۆستی پێ بدرێت، ئێمەیش بەیەک پۆست بەشداری ناکەین، بەڵکو دەبێت بەپێی شایستەبوونی خۆمان پۆستەکان وەربگرین، واتا ئێمە بەدیاریکراوی داوای پۆستی جێگری سەرۆکی پەرلەمان و پۆستی جێگری سەرۆکوەزیران و وەزارەتێکی خزمەتگوزاری و دەستەیەک و راوێژکارییەک لە ئەنجوومەنی وەزیران بۆ کاروباری تورکمان دەکەین بۆ پێکهاتەی تورکمان".
لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی ئەمساڵدا، هەریەک لە پارتی گەشەپێدانی تورکمان، دوو کورسی و پارتی چاکسازی تورکمان، یەک کورسی و بەرەی تورکمانی، یەک کورسی و لیستی میللەت، یەک کورسی پەرلەمانییان بەدەستهێنا.