Zana Natık Kerem
13 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، بەشیر حەداد کە دەسەڵاتەکەی کۆتایی ھاتووە رایگەیاند کە بەھۆی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتیش لایەنە شیعەکان، پێکھێنانی حکوومەتی نوێ ئەستەم دەبێت.
بەشیر حەداد لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە رەوشی عێراق، بە ئاراستەیەکی نادیار ھەنگاو دەنێت و گوتی: "بەھۆی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسییەکان بەتایبەتیش لایەنە شیعەکان، پێکھێنانی حکوومەتی نوێ ئەستەم دەبێت".
گوتیشی: "حکوومەتی نوێی عێراق لەسەر بنەمای زۆرینە پێکناھێندرێت، بەڵکو لەسەر تەوافوق پێکدەھێندرێت".
بەپێی ئەنجامە بەراییەکانی ھەڵبژاردنەکان کە لەلایەن کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانەوە بڵاوکراوەتەوە، رەوتی سەدر بە سەرۆکایەتی موقتەدا سەدر لە کۆی ٣٢٩ کورسی ئەنجوومەنی نوێنەران، ٧٣ کورسی بەدەستھێناوە.
ھەروەھا ھاوپەیمانی تەقەدوم بەسەرۆکایەتی محەمەد حەلبوسی ٣٨ کورسی و ھاوپەیمانی دەوڵەتی یاسا بەسەرۆکایەتی نوری مالیکی ٣٤ کورسی و ھاوپەیمانی فەتح بەسەرۆکایەتی ھادی عامری ١٦ کورسی بەدەستھێناوە.
پارتی دیموکراتی کوردستانیش ٣٢ کورسی و ھاوپەیمانی کوردستانی ١٦ کورسی و نەوەی نوێ شەش کورسی بەدەستھێناوە.
لە ساڵی ٢٠٠٥وە حەوت حکوومەت لە عێراق لەسەر بنەمای شەراکەت لە نێوان سوننە، شیعە و کورد پێکھێنراون.