Hemin Hüseyin
13 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2018
هەولێر - AA
ئەندامی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان، قومرییە شێخ محەمەد بەرزنجی ئاشکرای دەکات دوای گرژی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامیی، چەندین جار سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی کۆمەڵی ئیسلامیی کردووە، بەڵام تا ئێستا نەتواندراوە گفتوگۆکان ببەنە نێو بازنەیەکی بەرفراوان و راشیدەگەیەنێت کە بۆ بەشداریکردنیان لە حکوومەت، بەرچاوڕوونییان دەوێت.
قومرییە شێخ محەمەد بەرزنجی سەبارەت بە بڕیاری کۆمەڵی ئیسلامیی بۆ بەشداریکردن لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئێمە تا ئێستا هیچ بڕیارێکمان نەداوە، ئەوەش دەگەڕێتەوە سەر ئەو بنەمایەی کە کۆمەڵی ئیسلامیی کاری لەسەر دەکات، ئێمە رامانگەیاندووە کە هەر کاتێک کارنامەی حکوومەت لە لامان روون بوویەوە، ئەوکاتە بزانین ئەو کارنامەیە چەندە لە خزمەتی هاووڵاتییاندایە، چەندە چارەسەری ئەو تەنگەژە سیاسیی و ئابوورییە دەکات کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، ئێمە لە لامان وایە کە بارودۆخی کوردستان زۆر هەستیارە، بۆیە بە پێویستی دەزانین کە ئەو هەڵە و کەموکوڕییانەی کە پێشتر لە حکوومەتدا هەبووە، ئەو گلەیی و ناڕەزایەتییانەی کە خەڵکی هەرێمی کوردستانی نیگەران کردووە نەمێنن، ئەوکات دەتوانین بە راوێژ لەگەڵ ئەندامان و لایەنگرانی کۆمەڵی ئیسلامیی، بڕیاری خۆمان بدەین".
لەبارەی پڕۆژەی کۆمەڵی ئیسلامیی لە ئەگەری بەشداریکردنیان، قومریە بەرزنجی گوتی: "تا ئێستا پڕۆژەیەکی ئامادەکراومان نییە و بەردەوام جەختمان لەوە کردووەتەوە کە پێویستە لە هەرێمی کوردستان خاوەنی دامەزراوەکان بین و هەر دامەزراوەیەک رێزی لێ بگیرێت و پێگەکەی دیاری بکرێت، رێز لە سەروەری یاسا بگیرێت و لەسەر ئەو بنەمایانە ئێمە بڕیاری خۆمان دەدەین".
سەبارەت بە هۆکاری سەردان نەکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان وەک گەورەترین فراکسیۆن لە پەرلەمانی کوردستان بە مەبەستی گفتوگۆکردن بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکوومەتی هەرێم، قومریە شێخ محەمەد بەرزنجی گوتی: "دەبێت ئەو پرسیارە لە بەرپرسانی پارتی بکرێت و لەگەڵ ئەوەشدا کۆمەڵی ئیسلامیی کوردستان بەپێی پڕەنسیپ و بنەماکانی خۆی کاریکردووە نەک ئەوانەی کە پارتی بۆی دادەنێت، ئەمەش رەنگە نیگەرانی لای پارتی دروست کردبێت".
سەبارەت بە پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و کۆمەڵی ئیسلامیی لەئێستادا، ئەو ئەندامەی سەرکردایەتی کۆمەڵی ئیسلامیی گوتی: "چەندین گفتوگۆ هەبووە لەنێوانماندا، چەند جارێک سەرۆکوەزیران سەردانی کۆمەڵی کردووە، بەڵام تا ئیستا نەتواندراوە گفتوگۆکان ببەینە بازنەیەکی بەرفراوانەوە بۆ ئەوەی بتوانن لێکتێگەیشتنمان هەبێت بۆ داهاتووی کوردستان بۆیە بە پێویستی دەزانم گرژی و ئاڵۆزییەکان وەلابندرێت".
لە هەڵبژاردنی ٣٠ی ئەیلوولی رابردوودا، کۆمەڵی ئیسلامیی حەوت کورسیی بەدەست هێنا.