Abdullah Shukur
12 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 13 کانوونی یەکەم 2018
ئیستانبوڵ - AA
رێبەری ئایینی ئێران، عەلی خامنەیی ھۆشداری دایە گەلەکەی بەوەی کە لەوانەیە "ئەمریکا ساڵی داھاتوو پیلانی سەرھەڵدانی شەڕی ناوخۆیی لە ئێران" ھەبێت.
بەپێی ھەواڵێکی کەناڵی فەرمی ئێران، رێبەری ئایینی ئێران، عەلی خامنەیی وتارێکی بۆ خانەوادەی ئەو کەسانە پێشکەشکردووە کە لە شەڕی ئێران و عێراق و سووریا کوژراون و گوتوویەتی: "ھەموو کەسێک ئاگاداری خۆی بێت. لەوانەیە ئەمریکا بۆ ساڵی ٢٠١٩ پیلانێکی ئامادە کردبێت".
عەلی خامنەیی ئاماژەی بەوەداوە، ئەمریکا لە کۆتا دووساڵی رابردوودا گوشارەکانی بۆ سەر ئێران چڕکردووەتەوە و گوتی: "ئەمریکا ھەوڵدەدات بە گەمارۆی ئابووری و کێشەی ئەمنی پرسی جوداکاری لە ئێران سەرھەڵبدات و شەڕی ناوخۆ دروست بکات".
رێبەری ئایینی ئێران، عەلی خامنەیی لێدوانەکانی بەرپرسانی ئیدارەی واشنتۆنی وەبیرھێناوەتەوە بەوەی کە رایانگەیاندبوو "رژێمی ئێران چلەمین ساڵیادی دامەزراندنی نابینێت. ئەم ھاوینە بۆ ئێران گەرم دەبێت"، لەمبارەیەوە گوتی: "ھاوینی رابردوو یەکێک بوو لە ئاسوودەترین ھاوینەکان. دەبێت گەلی ئێران لە ئامادەکاری دابێت. لەوانەیە ئەمریکییەکان فێڵ بکەن، لەوانەیە ھەوڵبدەن لە ساڵی ٢٠١٩ دۆخەکە تێکبدەن".