Hemin Hüseyin
28 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 01 ئادار 2017
هەولێر-AA
لە بارەگای ئەنجوومەنی جێبەجێکردنی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان کۆبوونەوەیەک لەسەر ئاستی باڵا لە نێوان ھەریەک لە یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان و بزووتنەوەی ئیسلامی و کۆمەڵی ئیسلامی بەڕێوەچوو.
کۆبوونەوەکە بە ئامادەبوونی ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان سەلاحەدین محەمەد بەھائەدین و ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی عەلی باپیر و رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی عیرفان عەبدولعەزیز ئەنجامدرا و ئامانجی کۆبوونەوەکە پەسەندکردنی پەیڕەوی ناوخۆی کاری ھاوبەشی نێوان لایەنە ئیسلامییەکان بوو، ھاوکات دیاریکردنی کۆبوونەوەی فراوانی نێوان لایەنە سیاسییەکان تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوو.
لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەسەر ئەوە کرایەوە کە پێویستە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەزووترین کات پێداچوونەوە بکات بە بڕیاری پاشەکەوتی مووچەی مووچەخۆران، هاوکات لە کۆبوونەوەکەدا داواکرا هەرچی زووە لایەنە سیاسییەکان بە ئیرادەیەکی بەهێز وە گیانی بەرپرسیاریەتییەوە گفتوگۆیەکی راشکاوانە لە نێوانییاندا ئەنجام بدرێت و پرسی سەربەخۆیی و پڕۆسەی چاکسازی تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکەبوو.
کۆبوونەوەکە کە شەش کاتژمێری خایاند و دواتر هەر سێ بەرپرسی باڵای لایەنە سیاسییەکان کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییان ئەنجامدا و تێیدا ناوەرۆک و ئەنجامی کۆبوونەوەکەیان خستەڕوو.
ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان سەلاحەددین بەهائەدین لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "لەو کۆبوونەوەیەدا کۆمەڵێک پرسی گرنگمان باس کرد لەوانە پرسی یەکخستنەوەی نێوماڵی کورد و عێراقی دوای داعش و پەیوەندییەکانی هەرێم و بەغدا و باسی ئەوەش کرا کە پێویستە سوود لەو دەرفەتە وەرگرین کە ئێستا هەیە بۆ دروستکردنی سەربەخۆیی کوردستان و لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە دەزگا شەرعییەکانی وەکو پەرلەمانیش بخرێتەوە کار و بۆ ئەو مەبەستەش دەبێت بگەڕێینەوە بۆ شایستەکانی هەڵبژاردن".
دواتر ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامیی، عەلی باپیر لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "وێرای بارودۆخی هەرێمی کوردستان کە گیرۆدەی کۆمەڵێک کێشە و گرفتین، بە تایبەت قەیرانی دارایی، بارگرژی سیاسیی، بۆیە ئێمە وەکو تەوژمیی ئیسلامیی خۆمان بە بەرپرسیاری دەزانین بەرامبەر بە خەڵک بۆ دەربازبوون لەو قەیرانانەی کە تێیکەوتووین، لەوچوارچێوەیەشدا پێمانوایە کە کورد مافی خۆیەتی کە چارەنووسی بەدەست خۆیەوە بێت، ئینجا ئەمە چ لە حاڵەتی هەرێمێکدا خۆی ببینێتەوە یان لە حاڵەتێکی سەربەخۆدا، بۆیە دەبێت کاربکەین بۆ چۆنیەتی پەیوەندییەکانمان لەگەڵ بەغدا و پێویستە ئێمە سوود لەو هەڵڕەخساندنە ببینین بە تایبەت قۆناغی دوای داعش".
دواتر رابەری بزووتنەوەی ئیسلامی، عیرفان عەبدولعەزیز لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا گوتی: "ئەوەی لەو کۆبوونەوەیەدا رەنگیدایەوە ئەو لێکتێگەیشتنە بوو لە نێوان لایەنە سیاسییەکان و هاودەنگی لەسەر کۆی پڕۆژەکان بەتایبەت کارکردنمان بۆ دەرچوون لەو قەیرانەی کە هەرێمی کوردستان تێیکەوتووە و پاشانیش پرسی سەربەخۆیی هەرێمی کوردستان".