Dlshad Saifaalddin Ahmed
08 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2017
سلێمانی ـ AA
پێش نیوەڕۆی ئەمڕۆ، سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە ھاوڕێیەتی هەریەک لە ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، سەڵاحەددین محەمەد بەھائەددین و سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتی ھەرێمی کوردستان فوئاد حسێن، سەردانی مەکۆی سەرەکی بزووتنەوەی گۆڕانیان کرد و لەگەڵ رێکخەری گشتی بزووتنەوەی گۆڕان، عومەری سەید عەلی و ژمارەیەک لە ئەندامانی خانەی راپەڕاندن کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە لەسەر دەستپێشخەری ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، سەڵاحەددین محەمەد بەھائەددین ئەنجامدراوە و زیاتر لە دوو کاتژمێری خایاند.
ئەمینداری گشتی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان، سەڵاحەددین بەھائەددین کۆبوونەوەکەی بە ئەرێنی وەسف کرد، ئەو لە بارەی ناوەرۆکی کۆبوونەوەکەوە بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاماژەی بەوەکرد کە ھەوڵەکانیان لە چوارچێوەی ئاساییکردنەوەی دۆخی سیاسی ھەرێمی کوردستاندایە و بزووتنەوەی گۆڕان ھێزێکی سیاسی سەرەکی ھەرێمی کوردستانە و ناکرێت لە دەرەوەی پڕۆسەی سیاسی کوردستان بێت، بۆ ھێورکردنەوەی ئەو دۆخەش گفتوگۆ و ھەوڵی زیاتری دەوێت و کۆبوونەوەکان بەردەوام دەبن.
سەڵاحەددین بەهائەددین گوتیشی: "لە ئێستادا ھەرێمی کوردستان لە ژێر ھەڕەشە و مەترسیدایە، وەک یەکگرتوو دەمانەوێت دۆخەکە زیاتر بەو شێوەیە بەردەوامی نەبێت و زەمینەی گفتوگۆ و سازان لەنێوان لایەنەکان دروست بکەینەوە".
ماوەی سێ رۆژە سەرۆکی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی بە بۆنەی کۆچی دوایی سەرکۆماری پێشووی عێراق، جەلال تاڵەبانی لە شاری سلێمانییە، لەو چەند رۆژەشدا چەندین دیدار و کۆبوونەوەی جیاجیای ئەنجامداوە.