Zana Natık Kerem
08 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 11 تشرینی یەکەم 2017
بەغدا ــ AA
جێگری سەركۆماری عێراق، ئوسامە نوجێفی دەستپێشخەرییەكی بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەركردنێكی نیشتمانی بۆ پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان، رایگەیاند.
لە بەیاننامەیەكدا كە نووسینگەی جێگری سەركۆماری عێراق، بڵاوی كردووەتەوە، ئوسامە نوجێفی رایگەیاندووە "لە روانگەی هەستكردنی قوڵ بە بەرپرساریەتی نیشتمانیم، دەستپێشخەرییەكم بۆ چارەسەركردنی ئەو قەیرانانە كە ئێستا وڵات پێدا تێپەڕ دەبێت و بە ئامانجی گەیشتن بە چارەسەركردنێكی نیشتمانی كە پشتی بە گفتوگۆ و یەكێتی عێراق و دوور لە زمانی هەڕەشە و بەكارهێنانی هێز بەستووە تایبەت بە پرسی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان، دەستپێشخەرییەكمان راگەیاند".
لە بەیاننامەیەكدا ئاماژە بە ناوەڕۆكی دەستپێشخەرییەكە نەدراوە.
ئوسامە نوجێفی ئەوەشی راگەیاندووە "لە كۆبوونەوەكاندا لەگەڵ سەركۆماری توركیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و سەرۆكی هەرێمی كوردستان، مەسعود بارزانی جەختمان کردووەتەوە لەسەر هەڵوێست و دیدەكان بۆ رەوشی عێراق بە شێوەیەكی گشتی و پرسی ریفراندۆم بە شێوەیەکی تایبەتی، رێزگرتن لە دەستوور و یەكێتی عێراق و گرنگی گفتوگۆكردن بۆ گەیشتن بە ئەنجامێكی باش كە ببێتە مایەی چارەسەركردنی قەیرانەكان كە لە بەرژەوەندی ئاشتەوایی نیشتمانی هاوبەشدا بێت".
جێگری سەركۆماری عێراق دووپاتی كردووەتەوە، كێشەكان بە هەڕەشە و گۆڕەشە و گەمارۆ چارەسەر نابن، چونكە ئەوان ئەزموومانیان لە مێژوویی نوێدا هەیە كە دیدو بۆچوونەكانیان لەو بارەیەوە دەسەلمێنێت.
ئوسامە نوجێفی وای بۆ دەچێت كە پرسی ریفراندۆم لە ئەنجامی سیاسەتە هەڵەكاندا، سەری ھەڵدا.
جێگری سەركۆماری عێراق ئاماژەی بەوەشدا كە ئەنجامی دەستپێشخەرییەكەی بە ئامانجی گفتوگۆكردن دەخاتە بەردەم سەرۆكوەزیرانی عێراق و هەموو سەركردەی لایەنە سیاسییەكان.