Zana Natık Kerem
08 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 09 تشرینی یەکەم 2017
مۆسكۆ ــ AA
شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز شاری مۆسكۆی پایتەختی رووسیای بەجێهێشت و بەوەش كۆتایی هێنا بە سەردانەكەی بۆ ئەو وڵاتە كە ماوەی چوار رۆژی خایەند.
ئاژانسی هەواڵیی فەرمی سعوودیە بڵاوی كردەوە كە جێگری یەكەمی سەرۆكوەزیرانی رووسیا، ئەلیكسەندەر خلۆپۆنین و ژمارەیەك لە بەرپرسانی ئەو وڵاتە لە فڕۆكەخانەی ڤنۆكۆڤۆ، سەلمان بن عەبدولعەزیزیان بەرەو سعوودیە بەرێكرد.
هەرچەندە ئاژانسەكە ئاماژەی بە هۆكاری گەڕانەوەی شای سعوودیە نەكرد، بەڵام كەناڵە ئاسمانییەكانی سعوودیە بڵاویان كردەوە كە سەلمان بن عەبدولعەزیز بەرەو ریاز گەڕایەوە.
گەڕانەوەی سەلمان بن عەبدولعەزیز دوای رۆژێك لەو هێرشە تیرۆریستییە دێت كە دوێنێ شەممە لە شاری جددە رۆژئاوای سعوودیە كرایە سەر خاڵێكی پشكنینی ئاسایشی كۆشكی سەلام و لە ئاكامدا دوو كارمەندی ئاسایش كوژران و سێی دیكەش برینداربوون.
رۆژی چوارشەممە رابردوو شای سعوودیە، سەلمان بن عەبدولعەزیز لەگەڵ شاندێكی باڵای وڵاتەكەی بەسەردانێك گەیشتبووە رووسیا.
لە مێژووی سعوودیەدا، ئەوە یەكەمجاربوو كە شایەكی ئەو وڵاتە، سەردانی رووسیا بكات.