Mazın Asad
28 شوبات 2017•نوێکردنەوە: 02 ئادار 2017
نەتەوە یەکگرتووەکان - AA
بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان تایبەت بە سزادانی رژێمی ئەسەد بەھۆی ئەنجام دانی ھێرشی چەکی کیمیایی لە سووریا، لەلایەن رووسیا و چین-ەوە ڤیتۆ کرا.
بە مەبەستی دیاریکردنی ئەو لایەنەی چەکی کیمیایی بەکارھێناوە، رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ رێکخراوی قەدەغەکردنی چەکە کیمیاییەکان راپۆرتێکیان ئامادە کردبوو کە تێدا دەرکەوتووە رژێمی ئەسەد سێ جار و داعشیش چەند جارێک چەکی کیمیایی لە سووریا بەکارھێناوە.
دوای راپۆرتەکە ھەریەک لە وڵاتانی بەریتانیا، ئەمریکا و فەڕەنسا بڕیارێکیان ئامادە کرد بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو لایەنەی کە چەکی کیمیاییان لە سووریا بەکارھێناوە و لە ئەنجامدامی دەنگدان لەسەر بڕیارەکە، لە لایەن رووسیا و چین ڤیتۆ کرا.
وڵاتی بۆلیڤیا دەنگی نەرێنی بەکارھێنا کە مافی ڤیتۆی نییە و ھەریەک لە وڵاتانی ئەسیوبیا، میسر و کازاخستان دەنگی بێلایەنیان بەکارھێنا و نۆ وڵاتیش لە بەرژوەندی بڕیارەکە دەنگیان دا.
-رووسیا حەوت جار ڤیتۆی بەکارھێناوە
بۆ پەسەندکردنی بڕیارەکە پێویستە لە کۆی ١٥ ئەندام بە لایەنی کەم نۆ ئەندام دەنگی ئەرێنی بەکاربھێنێت و ھەروەھا وڵاتانی ھەمیشەیی لە ئەنجوومەنی ئاسایش کە لە رووسیا، چین، ئەمریکا، فەڕەنسا و بەریتانیا پێکدێت، مافی ڤیتۆ بەکار نەھێنن.
بەم پێیەش لەوەتەی دەستپێکردنی شەڕی ناوخۆی سووریا، رووسیا حەوتەم جارە بڕیارەکانی تایبەت بە سووریا لە ئەنجوومەنی ئاسایش ڤیتۆ دەکات.
بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایش لە لایەن زۆرێک لە وڵاتان کە لە نێوانیاندا تورکیاش ھەیە، پشتگیری لێکرا و کە داوای بلۆککردنی سامانی ١١ فەرماندەی سەربازیی سووریا و قەدەغەکردنی گەشت بۆ دەرەوە و قەدەغەکردنی فڕۆشتنی ھەلیکۆپتەر بە رژێمی سووریا دەکات و ھەروەھا داوای دەکات ئەم وڵاتە بخرێتە نێو لیستی رەشەوە کە چەکی کیمیایی پەرە پێدەدەن و بەکاری دەھێنن.