Abdullah Shukur
11 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 14 ئادار 2016
کەرکووک
فاتیمە سەمیر بووە یەکەمین قوربانی چەکی کیمیایی رێکخراوی تیرۆریستی داعش. دوو رۆژ لەمەوبەر بەهۆی ھاویشتنی ٤٠ مووشەکی پڕکراو لە ماددەی کیمیایی لە گوندی بەشیرەوە بۆ ناحیەی تازەخورماتوو سەدان ھاووڵاتی ناوچەکە بریندار بوون. ھاوکات فاتیمە سەمیریش یەکێک لەو ھاووڵاتیانە بوو کە ئەمڕۆ بەیانی گیانی لەدەست دا.
فاتیمە سەمیر وەیسی، تەمەن دوو ساڵ و نیو لە ئەنجامی ھێرشەکەدا جەستەی سووتا و تووشی تەنگەنەفەسی بوو بەم ھۆیەوەش رەوانەی نەخۆشخانەی کەرکووک کرا. سەرەڕای گشت ھەوڵەکان، فاتیمە ئەمڕۆ بەیانی گیانی لەدەست دا.
فاتیمە سەمیری تەمەن بچووک لە مەراسیمێکدا کە سەدان دانیشتووی تازەخورماتوو تێیدا بەشدار بوون لە گۆڕستانی بەشیرییەکان لە ناحیەی تازەخورماتوو، بە خاک سپێردرا.
باوکی فاتیمە بەناوی سەمیر وەیس لە مەراسیمی بەخاکسپاردنی کچەکەی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند سەرۆکوەزیرانی عێراق حەیدەر ئەعەبادی تاکە بەرپرسی کوژرانی ئەو منداڵانەیە. گوتیشی: "ئایا بۆچی فڕۆکەکانی سەر بە سوپای عێراق بەھانای ئێمەوە نایەن. لەوەتەی دوو ساڵە لە ژێر بۆردومانین. ئایا بۆچی گوندی بەشیر رزگار ناکرێت. سەمیر وەیس راشیگەیاند کە دانیشتووی گوندی بەشیر دەتوانن ئەو گوندە رزگار بکەن تەنھا پێویستیان بە پاڵپشتی ئاسمانییە.
داعش خاوەنی مووشەکی کیمیاییە و ناحیەی تازەخورماتووش لە مەترسی دایە
لەلایەکی دیکەشەوە سەرۆکی بەرەی تورکمانی عێراق و پەرلەمانتاری کەرکووک، ئەرشەد ساڵحی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە ناحیەی تازەخورماتوو پێنج کیلۆمەتر لە دووری گوندی بەشیری ژێردەستی داعشە و بەم پێیەش لە مەترسییەکی زۆر گەورەیە. ئەو گوتیشی: "بەپێی ئەو زانیارییە ھەواڵگریانەی کە پێمان گەیشتووە، داعش نزیکەی ٤٠ مووشەکی کیمیایی ھێناوەتە گوندی بەشیر. ھاوکات ئەم مووشەکانەش لەوانەیە بەرەو تازەخورماتوو بھاوێژرێت. بەم پێیەش پێویستە فڕۆکەکانی سەر بە سوپای عێراق و ھاوپەیمانان دەستێوەردانی دۆخی ناوچەکە بکەن".