Muhammet Ali Kemal
23 کانوونی دووەم 2016•نوێکردنەوە: 24 کانوونی دووەم 2016
ئورفا
سەرکۆماری پێشووی تونس محەمەد مونسیف ئەلمەرزوقی کە هاوکات ئەندامی ئەنجوومەنی عەرەبی بۆ پاراستنی شۆڕشە دیموکراتییەکان و درێژەپێدانیانە، بەمەبەستی ئەنجامدانی زنجیرەیەک سەردان و کۆبوونەوە سەردانی ئورفای لە تورکیا کرد و لە روونکردنەوەیەکیدا بۆ پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵو، ئاماژەی بەوە کرد ئەو نادڵنیاییەی لە سووریا بوونی هەیە لەپێش کۆبوونەوەکانی جنێفی سویسڕاوە کە بڕیارە ٢٥ی کانوونی دووەم بەڕێوە بچێت، درێژەی هەیە.
مەرزوقی جەختی لەوە کردەوە لە سووریا لەڕووی سیاسییەوە هێشتا هیچ شتێک روون نییە و گوتی: ''رژێمی سووریا بەهۆی دەستێوەردانی رووسیا لە شەڕی ناوخۆی سووریا قازانجی کردووە، لە ئێستادا زۆر باش ئەم دەرفەتە بەکار دەهێنێت و هەر بۆیەش هەوڵی پاراستن و درێژەدان بەم دەستکەوتانە دەدات. بەو شێوەیەش رژێمی ئەسەد درێژە بە تەمەنی خۆی لە سایەی رووسیا دەدات''.
محەمەد ئەلمەرزوقی ئەوەی دووپات کردەوە کە حکوومەتی سووریا خواستی ئەوەی هەیە ئەو رژێمە خوێناوییە درێژە پێ بدات.
ئەو ئاماژەی بەوەشکرد بەشار ئەسەد لە کۆبوونەوەکانی جنێفدا هەوڵ دەدات پلانەکانی خۆی جێبەجێ بکات و گوتی: ''ئەسەد هەوڵی ئەوە دەدات کە هیچ مەرجێکی ئۆپۆزسیۆن قبووڵ نەکات، چونکە ئەوان سەرگەرمی ئەوەن دیالۆگ لەگەڵ ئەو لایەنانەدا بکەن کە خۆیان دیاری دەکەن''.
مەرزوقی هیوای خواست ئەو جەنگەی پێنج ساڵە لە سووریا بەردەوامە کۆتایی بێت و ئاماژەی بۆ ئەوە کرد پێویستە ئەو خەباتەی گەلی ئەو وڵاتە لە پێناو ئازادیدا کردوویانە، لەبەرچاو بگیرێت.
هەروەها دەڵێ پێویستە رژێمی ئەسەد لە کۆڵی گەلی سووریا ببێتەوە و لە کۆتاییدا گوتی: ''ئەوەی تا ئێستا بەو گەلە ستەمدیدەیەتان کردووە بەسە. هیچ گەلێکی دیکە لە پێناو ئازادیدا هێندە ستەمی لێ نەکراوە''.