Hemin Hüseyin
25 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 26 کانوونی دووەم 2018
هەولێر-AA
کەسایەتی سیاسیی، عەبدولڕەحمان شێخ عوسمان عەبدولعەزیز سەبارەت بە بارودۆخی ئێستای عەفرین لە دیمانەیەکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو جگە لە پرسە سیاسییەکانی پەیوەندیدار بە هەرێمی کوردستان و لەوانەش پرسی ریفراندۆم و قەیرانی سیساسی و دارایی لە هەرێم هەروەها پرسی عەفرین و رووداوەکانی ئەم دوایەی باکووری سووریای تاوتوێ کردووە. لە بەشی یەکەمی دیمانەکەدا ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا بۆ سەر عەفرینمان لەگەڵ عەبدولڕەحمان شێخ عوسمان عەبدولعەزیز باس کرد. لەم بارەیوە گوتی: "شەڕ و ئاژاوە لە هەر کوێیەک هەبێت ناخۆشە، چجای ئەوەی کە لە نزیک ئێمەوە هەیە، بێگومان بۆ ئێمە سەختە، ئەمە دەگەڕێتەوە بۆ کۆمەڵێک شتی کەڵەکەبوو، وڵاتی سووریا زۆنگاوێکی ترسناکە و دەوڵەتە زلهێزەکان بە مەبەستی تایبەتی خۆیان ئەو زۆنگاوەیان دروستکردووە کە دەوڵەتی دیکەش تییدا غەرق دەبێت، چجای لایەنیکی بچووک، ئەوەی زەرەرمەندە لەوێ دانیشتووانی ئەو وڵاتەیە بە هەموو پێکهاتەکانییەوە چونکە ئەو هەموو دەوڵەتە هاتووە و ئەو هەموو لایەنانەی وەکو داعش و ئەوانەیان تێدا بەڕەڵاکردووە مەگەر فەرهەنگێک هەبێت بۆ ئەوەی لێتیگەیشتن لەنێوان ئەو هێزانە هەبێت، مەگەر ترافیکێک دابنێی بۆ ئەوەی ئەو هەموو فڕۆکەیە لەیەکتر جیابکەیتەوە".
ماوەی پێنج رۆژ دەبێت سوپای تورکیا بەمەبەستی راماڵینی چەکدارانی پەیەدە/یەپەگە، ئۆپەراسیۆنێکی بۆسەر شاری عەفرینی سەر بە پاریزگای حەلەب لە سووریا دەست پێکردووە لە ژێر ناونیشانی "ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون" و تا ئێستاش ئەم ئۆپەراسیۆنە بەردەوامە. چاودێرێکی سیاسیی پێی وایە ئەمە لە ئاکامی کۆمەڵێک کێشەی کەڵەکەبووی رابردووە کە چارەسەر نەکراوە و تا گەیشتووەتە ئەو بارودۆخەی ئێستا، ئاماژەیش بەوە دەکات کە سووریا زۆنگاوێکی ترسناکە و بەشێک لە دەوڵەتان ئەم زۆنگاوەیان بۆ مەبەستی خۆیان دروستکردووە و ئەوەش رادەگەیەنێت کە بەهۆی فرە هێزی لەو ناوچەیە ئەوا زەرەرمەندی سەرەکی دانیشتووانی ناوچەکەن.
عەبدولڕەحمان شێخ عوسمان دەڵێت: "ئەوە شۆڕشی سووریا دەکەوێتە ناو حەوتەم ساڵییەوە، برا و خوشکەکانمان لەوێ هەلێکی زۆر لەباریان هەبوو کە چاویان لە هەرێمی کوردستان بکردایە، چونکە ئێمە ئەوکات لە ترۆپکی دەسەڵات و بوژانەوەدابووین، ئەوان زۆربەیان لە ناسنامەی سووریا ببێبەش بوون و پێگەیەکی بەهێزی وەکو هەرێمی کوردستان هەبوو کە پێویست بوو سوودیان لێ وەرگرتبایە، چونکە ئەمە هەلێک بوو کە تۆڵەیان لە دەسەڵاتی بەعس بکردایەوە و ئەزموونی ئێمەشیان بەهەند وەرگرتبایە کە ئەو هەڵانەی ئێمە هەمانبووە ئەوان نەیانبووایە، پێویست بوو ئەو ستەمە مێژووییەییان بکردایە پاشخانێکی بەهێزی خۆیان. دەبوو لەم چوارچێوەیە کار بکەن، بەڵام بەداخەوە ئەوەیان نەکرد و هەتا لەناوخۆیشیاندا چەند لایەنێک هەبوو کە بێبەشکران و کۆمەڵێک مامەڵەی گوماناوی ترسنۆکیان ئەنجامدا".
ئەو کەسایەتییە ئاماژە بەوەش دەکات کە پێویست بوو هاوشێوەی هەرێمی کوردستان ئەوانیش پەیوەندی خۆیان لەگەڵ تورکیا بەهێز بکردابایە و پێی وایە ئێستاش درەنگ نییە کە بەخۆیاندا بچنەوە و هەموو جەمسەرێکی هاوبەش پێکبهێنن بۆ ئەوەی لە حکوومەتی ئایندەدا رۆڵیان هەبێت و لەمبارەیەوە عەبدولڕەحمان شێخ عوسمان گوتی: "لەماوەی رابردوودا، ئێمە و تورکیا هەردوولا سوودمان بۆ یەکتر هەبووە لە ئاڵوگۆڕی بازرگانی، ئەوانیش لە ناوچەی رۆژئاوا هەرچی نەوت و کشتوکاڵ هەیە لەوێیە، دەیانتوانی لەگەڵ تورکیا ئەو پەیوەندییەیان هەبێت کە وڵاتەکەیان ببوژێننەوە، ئێستاش درەنگ نییە کە بەخۆیاندا بچنەوە و خزمەتی ناوچە بکەن بە بوژانەوە، دەتوانن لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی نیشتمانیی سووریا وەها پێکبێن کە جەمسەرێکی بنەرەتی بن بۆ حکوومەتی ئایندەی سووریا، چونکە ئەوەی دەردەکەوێت کە لە کۆبوونەوەی چەند رۆژی داهاتووی سۆچی وا کە بناغەی حکوومەتیێکی نوێی بەبێ بەشار ئەسەد دابڕێژرێت، رەنگە شتێکی وای بۆ دروست بکەن هاوشێوەی ئەنجوومەنی حوکمی عێراق کە سەرجەمی سووریا بتوانێت وەکو جاران چۆن هێمنی سنوورەکانی باکووری ئیسرائیلی پاراستبوو بتوانێت هەمان ئارامی بداتە ئیسرائیل".
سەبارەت بە بۆچوونیان لەسەر ئۆپەراسیۆنی لقی زەیتون، عەبدولرەحمان شێخ عوسمان گوتی: "ئێمە چاوەڕوانیمان ئەوەیە لە حکوومەتی تورکیا هەوڵبدات بە زووترین کات ئەو ئۆپەراسیۆنە تەواوبێت و ژیانی خەڵکی سڤیل پارێزراوبێت، خوشک و برایەکانمان لەوێ سوود لەو ئەزموونانەی پێشووتر وەربگرن و خۆیان لەگەڵ ئۆپۆزسیۆنی راستەقینەی سووریا بگونجێنن و رەنگە ئەو هێڵە ئارامییەکی لێ دروست بێت و رەنگە ئەمریکاش بەوە رازی بێت، بۆ ئەوەی بتوانن هەرێمێکی سەقامگیر بن و سوود لە دراوسێکانییان ببینن و پەرە بە نەوت و کشتوکاڵ بدەن، هەروەک چۆن ئێمە لە فڕۆکەخانەکان سوودمان لە وڵاتی دراوسێی وەک تورکیا وەرگرتبوو".
ئەو کەسایەتییە سیاسییە گوتیشی: "ئەو ناوچەیە شیاوی ئەوەیە کە ئاوڕێکی جددی لێ بدرێتەوە و چونکە ئەو ناوچەیە کێلگەی تاقیکردنەوە نییە، جارێک داعش و جاریک لایەنێکی دیکە خەڵکی پێ تاقیبکەنەوە بۆ ئەوەی پێگەی وڵاتیک لەوێ جێگیرببێت، بەڕاستی خەڵکی ئەو ناوچەیە پێویستی بە ژیان هەیە".
چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ کۆبانێ لە رێگای تورکیاوە بە نموونە دەهێنێتەوە کە لە ٣١/١٠/٢٠١٤ بەمەبەستی بەرگریکردن لە کۆبانێ ١٥٠ پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان لە رێگای خاکی تورکیاوە چوونە کۆبانێ و دوای تەواوبوونی شەڕەکەش گەڕانەوە خاکی هەرێمی کوردستان.
لە درێژەی قسەکانیدا عەبدولڕەحمان شێخ عوسمان گوتی: "دەبێت ئەوەمان لەبیربێت کە کاتێک شەڕ لە کۆبانێ هەبوو، حکوومەتی تورکیا رێگەیدا بە هێزی پێشمەرگەی کوردستان کە بە چەک و تفاقەوە بەناو خاکی تورکیادا بچنە کۆبانێ، کە ئەمەش لە ئەنجامی ئەو پێکەوەبوونەوە و ئەو پەیوەندییەی نێوان حکوومەتی هەرێم و وڵاتی تورکیا دروست ببوو، هەروەها لەم چەند رۆژەی رابردووش گوێمان لێ بوو کە هێزێکی سیاسیی لە هەرێمی کوردستان باسی ناردنی هێزی دەکرد بۆ عەفرین، ئەمە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردن و موزایەدەی سیاسییە، ئەوەی نازانم کە ئەگەر هێزەکانییان لەگەڵ حەشدی شەعبی بە شوێنێکی دیکەدا بینێرن ئەگەرنا خۆ جاری جاران نییە کە هێزی پێشمەرگە بەناو خاکی تورکیادا بڕوات".
* عەبدولڕەحمان شێخ عوسمان عەبدولعەزیز کوڕی شێخ عوسمانی عەبدولعەزیز دامەزرێنەری بزووتنەوەی ئیسلامیی کوردستانە.
* لە ساڵی ١٩٦١ لە ھەڵەبجە لەدایک بووە.
* ماوەی دوو ساڵ نوێنەری بزووتنەوەی ئیسلامیی بووە لە تورکیا.
* لە ساڵی ١٩٩٨ بەتەواوی لەکاری حزبی دوورکەوتووەتەوە.
* دامەزرێنەری یەکەمین رێکخراوی خێرخوازییە بەناوی دەزگای کارگوزاری و فریاکەوتنی ئیسلامییە. ئەمینداری گشتی ئەو دەزگایەیە.