Kasım İleri,Muhammet Ali Kemal
15 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 15 تشرینی دووەم 2017
واشنتۆن - AA
گوتەبێژی هاوپەیمانیەتیی نێودەوڵەتیی دژ بە داعش بە رابەرایەتی ئەمریکا، رایان دیڵن لە وەڵامی پرسیارێکدا بەوەی ''ئەگەر بێت و تورکیا ئۆپەراسیۆن بۆ سەر عەفرین ئەنجامبدات، ئایا ئەمریکا پارێزگاریی لەو چەکدارانەی پەیەدە دەکات کە سەرەتا لە رەققە دژ بە داعش شەڕیان کردووە و دواتر چوونەتە عەفرین یان نا؟'' گوتی: ''ئەگەر لەگەڵ داعشدا نەجەنگیت و لەگەڵ ئێمەدا بۆ هەمان ئامانج کارنەکەیت، ئەوا ناکرێت لە لایەن هاوپەیمانانەوە پشتیوانیی بکرێیت''.
رایان دیڵن کە لە رێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە پەیوەندیی بە وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا (پنتاگۆن)ەوە کردبوو، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەوانانی دایەوە.
دوای ئەوەی رۆژنامەوانێک ئەوەی بە دیڵن راگەیاند کە ژمارەیەک لە چەکدارانی پەیەدە کە پێشتر لە رەققە دژ بە داعش جەنگاون چوونەتە عەفرین و پرسی ئایا تورکیا پلانی ئەوەی هەیە ئۆپەراسیۆن بۆ سەر عەفرین ئەنجامبدات یان نا، رایان دیڵن ئاشکرای کرد هیچ زانیارییەکیان لەوبارەیەوە نییە.
رۆژنامەنووسەکە پرسی ''ئایا هاوپەیمانان بەرپرسیاریەتی پاراستنی ئەو هێزانەی هاوشێوەی هێزە کوردییەکانیان هەیە کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژ بە داعشدا بەشدارییان کردووە؟'' دیڵن بە ئاماژەدان بە هێزەکانی سووریای دیموکرات کە پەیەدە ئەو ناوە بەکاردەهێنێت، رایگەیاند ''لەوێش هاوبەشەکەمان هێزەکانی سووریای دیموکراتن. ئەمەش بە مانای ئەوە دێت هەموو ئەوانە دەگرێتەوە کە لەژێر چەتری هێزەکانی سووریای دیموکراتدا کاردەکەن هەر لە کوردەکان، ئێزدییەکان، عەرەب و کریستیانەکان''.
دێڵن لە وەڵامی پرسیاری 'ئایا هاوپەیمانان بەرپرسیاریەتی چەکدارانی پەیەدەیان هەیە یان کە پێشتر لە ئۆپەراسیۆنەکانی ئەمریکادا بۆ سەر داعش بەشدارییان کردووە ئەگەر هات و ئەو چەکدارانە لەگەڵ هێزێکی دەرەوەی داعشدا پێکیاندا دا؟''، رایگەیاند:
''پشتیوانیی لەو هاوبەشانەمان دەکەین کە بەرەنگاری داعش بوونەتەوە. پێشتر جارێک ئەمەمان پیشانی هێزێک لە ناوچەی ئەلتانیف دا کە پێکەوە کارمان دەکرد و نەیانویست لەبەرامبەر داعشدا شەڕبکەن و لە هەوڵی ئەنجامدانی شتی دیکەدا بوون. پەیوەندییمان بەوانەوە پچڕاند. لەبەر ئەوەی خوازیاری چاودێرییکردن شتی دیکەبوون، چیتر پشتیوانیی هاوپەیمانانیان پێشکەش نەکرا. لەبەر ئەوەش وەک وەڵامێکی ناڕاستەوخۆ بۆ پرسیارەکەی تۆ دەڵێم، ئەگەر لەگەڵ داعشدا نەجەنگیت و لەگەڵ ئێمەدا بۆ هەمان ئامانج کارنەکەیت، ئەوا ناکرێت لە لایەن هاوپەیمانانەوە پشتیوانیی بکرێیت''.