Cemal Sargati
31 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2017
لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا گوتەبێژى کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان، رێبوار حەمەد رایگەیاند: "دواى ئەنجامدانى زنجیرەیەک کۆبوونەوەى هاوبەش لە نێوان سێ لایەنە ئیسلامیەکە بە بەشدارى لیژنەى هاریکارى ڕێکخراوەکانى کۆمەڵگەى مەدەنى، ئەمڕۆ شەمە 31-12-2016 یەکەمین کۆبونەوەى لوتکەى نێوان یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان و کۆمەڵى ئیسلامى کوردستان و بزووتنەوەى ئیسلامى کوردستان بەبەشدارى کەسى یەکەمى هەرسێ لایەنەکە و نوێنەرانى لیژنەى هاریکارى ڕێکخراوەکان ئەنجامدرا". گوتیشى: "لە کۆبوونەوەکەدا بەتێر و تەسەلى باس لە یەکڕیزى ناوماڵى ئیسلامییەکانى کوردستان و دانانى میکانیزمى کردارى بۆ کارى هاوبەشى نێوانیان تاوتوێکرا و لەو میانەدا بڕیاردراکە دەستەیەکى باڵاى کارى هاوبەش پێکبهێنرێت بۆ دانانى ڕێوشوێنى پێویست بۆ بەئەنجام گەیاندنى پرۆژەى یەکخستن و یەکگرتنى ئیسلامییەکان بەشێوەیەکى قۆناغ بەندى".
ئەو راشیگەیاند: "هەر لەکۆبوونەوەکەدا جەخت کرایەوە لەسەر ئەوەى ئەم پرۆژەیە پرۆژەیەکى نیشتمانییە و ئامانج لێى وێڕاى تۆکمەکردن و بەهێزکردنى تەوژمى ئیسلامیى کوردستان و پاراستنى کۆمەڵگەى کوردستانى لە دیاردە دزێوە کۆمەڵایەتییەکان و توندڕەوى و تیرۆر و هەروەها گەشەدان بە ڕەوتى هاوسەنگ و میانڕەو".
رێبوار حەمەد گوتیشى: "بۆ ئەوەى ئیسلامییەکانى کوردستان هەردەم فاکتەرێکى ئیجابى و بنیاتنەربن، لەسەقامگیرکردنى هەرێمى کوردستان و ئە کتیڤ کردنى پرۆسەى چاکسازى سیاسى ڕاستەقینە و بەگژدا چوونەوەى گەندەڵى و ناعەدالەتى و هێنانەکایەى شەفافیەت لەچۆنیەتى دابەشکردنى سامانى گشتى و باش کردنى بارى بژێو و گوزەرانى هاووڵاتیان بەگشتى و توێژى فەرمانبەران و مووچەخۆران بەتایبەتى و کۆتایىهێنان بە سیاسەتى پاشەکەوتى زۆرە ملێ".
گوتەبیژى کۆمەڵى ئیسلامى راشیگەیاند: "ئەم پرۆژەیە هەنگاوێکى گرنگە بە ئاڕاستەى یەکڕیزى ناو ماڵى کوردى و کۆتایىهێنان بەم حاڵەتى لێکترازانە سیاسیەى کە هەرێمى کوردستانى ڕووبەڕووى چەندین قەیرانى دژوارکردووەتەوە، هەر لەو سۆنگەیەوە کۆبوونەوە داواى کرد دانوستان و گفتووگۆى نێوان لایەنە سیاسییەکان بەزووترین کات دەست پێ بکات و کارى جدى بکەن بۆ کۆتایى هێنان بەم قەیرانە سیاسییە و ڕێکخستنەوەى نێوماڵى کوردستانى و بەگەڕخستنەوەى دەزگا شەرعیەکان".
هەر لەمبارەیەوە، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکگرتووی ئیسلامیی د. عومەر محەمەد کوردستان، لە کۆنگرە رۆژنامەوانیەکەدا ڕایگەیاند: "ئەمە گەڕی دووەمی گفتوگۆی نێوان لایەنەکانە، بۆ ئەوەیە پەیوەندیی نێوان لایەنە ئیسلامییەکان بەرەو باشتر بچێت، بۆیە لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە لایەنە ئیسلامییەکان هاوکار بن تاوەکو گفتوگۆی نێوان لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بە ئیجابی بچێتە پێشەوە و دۆخی چەقبەستووی هەرێمی کوردستان کۆتایی بێت و کێشەکان چارەسەر بکرێت".