سلێمانى
کەمپى ئاوارەکانى عەربەت لە سلێمانی ناسراوە بە "کەمپى باریکە"، تایبەتە بە ئاوارەکانى دەرەوەى عێراق و ئاوارەکانى رۆژئاواى تێدا نیشتەجێ کراوە.
کەمپەکە سەرەتا کە دروست کرا تەنیا خێمەى تێدا بوو، بەڵام ئێستا چەند خێمەیەکى کەم لەوێ ماوە و سەرجەمى بووەتە خانوو، خانووەکان ئاوارەکان خۆیان دروستیان کردووە بەڵام خانووى رێکن و سرووشتى گەڕەکەکانیان نەشێواندووە و سیماى گەڕەکێکى ئەندازەیی پێوە دیارە. کەمپەکە ئاو و ئاوەڕۆ و کارەباى تێدایە، کۆڵانەکانیشى تێکەڵەڕێژ کراوە.
کەمپى باریکە دوو بەشە، ئەو بەشەى هەموو خزمەتگوزارییەکانى باشە و رێکخراوە بەشە کۆنەکەیە کە لە سەرەتاى شەڕى سووریادا ئاوارەى هەرێمى کوردستان بوون، بەڵام بەشى دووەمیان ئاوارەکانى کۆبانێی تێدا نیشتەجێ کراوە کە ژیان لەم بەشەیاندا بەهۆى قوڕ و بارانەوە زۆر زەحمەتە.
بە دیتنێکی ئەو بەشەى کەمپى عەربەت کە ئاوارەکانى کۆبانێ لەوێ نیشتەجێن هەست بە قورسى و گرانى ژیانى دانیشتووانەکەى دەکرێت، لە سیمایاندا حەسرەتى ئاوارەیى دەبینرێت.
کۆڵانەکانى کەمپەکە جیاوازە لە بەشەکەى دیکە، هێشتا قوڕ و لیتەیەکى خەست و زۆرینەى ماڵەکانیش خێمەیە، لەگەڵ بارینى هەر بارانێکدا هاتوچۆ کردن لەنێو کۆڵانەکانیدا ئەستەم دەبێت.
لەو کاتەی تیمی رۆژنامەوانی ئاژانسی ئانادۆڵو لەوێ بوو، تانکەرێکى سووتەمەنى هاتە نێو کەمپەکە بۆ ئەوەى نەوت دابەش بکات بەسەر ئاوارەکاندا، بەڵام تانکەرەکە لە سەرەتاى کەمپەکەدا وەستا و شۆفێرەکەی گوتی کە ناتوانێت بێتە ناوەوە، چونکە مەترسى چەقین هەبوو، ناچار ئاوارەکان خۆیان بەرمیلەکانیان هێنا و ریزیان بەست بۆ وەرگرتنى نەوت.
مەحموود رەشید یەکێک بوو لە ئاوارەکانى نێو کەمپى عەربەت، مەحموود تەمەنى 39 ساڵە و چوار منداڵى هەیە و خەڵکى کۆبانێیە و ماوەى مانگێکە لە کەمپەکەى عەربەت نیشتەجێیە.
مەحموود بۆ پەیامنێری ئاژانسى ئانادۆڵو دوا و گوتی: "گوزەرانى ئێمە لێرە زۆر خراپە، بارانە و کۆڵانەکان هەمووى قوڕە و منداڵەکانمان ناتوانن بڕۆن بۆ خوێندنگە و نێو خێمەکانمان زۆر ساردە و هەندێکیشیان ئاوی تێچووە".
ئەو باسی لەوە کرد کە هاوکارییەکانى رێکخراوەکان کەمن و ئەو خۆراکانەى پێیان دەدەن، بەشیان ناکات و گوتی: "کارەکانیان زۆر خاوە تەواو بێزارمان دەکەن تا شتێکمان پێ دەدەن، بۆ نموونە بۆ وەرگرتنى دوو بەتانى و دۆشەک لە سەعات 9ى بەیانییەوە هەتا 6ى ئێوارە نۆرەمان گرتووە هەتا بەرمان کەوتووە".
مەحموود باسى ژیانى پێشترى خۆى کرد و گوتى: "من پێشتر ماڵم لەنێو کۆبانێ بوو، خانووم هەبوو و دوو ئوتۆمبێلم هەبوو، لە لوبنان کاری کرێکارى و بۆیاخچێتیم دەکرد، ئەو کاتەى کۆبانێمان جێهێشت و هەڵاتین ئوتۆمبێلێکی پیکابم هەبوو لە بەردەرگەى ماڵەکەم داعش سووتاندی و تەکسییەکیشم هەبوو ئەویش لە سنوورى تورکیا نەیانهێشت بیهێنم بۆیە جێم هێشت و ئێستە نازانم چی لێ هاتووە".
حەسەن عەلى گەنجێکى تەمەن 25 ساڵ بوو، ئەویش ئاوارەى کۆبانێیە و ئێستە لە عەربەت نیشتەجێیە، حەسەن لە کۆبانێ پێنج ئامۆزاى بەهۆى هێرشەکانى داعشەوە کوژراون، ئێستا 12 کەسى بنەماڵەکەیان لەنێو دوو خێمەى کەمپى عەربەتدا دەژین، حەسەن گوتى: "من لە کۆبانى کرێکار بووم، ماوەى مانگێکە لەم کەمپە دەژیم بەڵام وا دەزانم ساڵێکە چونکە ئەوەندە ژیانمان سەختە، کەمپەکە زۆر خراپە هەموو چواردەورمان قوڕە، نێو خێمەکان ساردە و هەندێک جاریش ئاو دێتە ژوورەوە، ئەم کەمپە بۆ وەرزى زستان گونجاو نییە چونکە کۆڵانەکانى هێشتا هەر قوڕە و چارەسەر نەکراوە، هاتوچۆى نێو کۆڵانەکانى بەهۆى ئەو قوڕە زۆرەوە ئەستەم بووە، خواردنى رۆژانەمان زۆر خراپە و کەمیشە، ئەو هاوکارییانەى رێکخراوەکان پێمان دەدەن هەم کەمە هەم خراپە، نەوتمان کەمە و وەرزەکەش زۆر ساردە".
حەسەن گوتیشی: "ماڵەکەمان لە کۆبانێ وێران بووە بەهۆى تۆپبارانەوە، بەڵام هیوادارم بگەڕێمەوە بۆ ئەوێ و جارێکى تر لەوێ ژیان دەست پێ بکەینەوە".
عەونى عوسمان گەنجێکى تەمەن 32 ساڵى دانیشتووى نێو کەمپى عەربەت بوو، عەونیش خەڵکى کۆبانێ بوو، ئەویش گوتى: "نەوت زۆر کەمە، ئەو بڕەى بۆ مانگێک پێمان دەدرێت بەشى 10 رۆژ دەکات ئەگەر بە بەردەوامى زۆپا داگیرسێنین، بە ناچارى دەبێت بۆ ئەو 20 رۆژەى دیکە نەوت بکڕین هەرچەندە ئیشمان دەست ناکەوێت و کار زۆر کەمە و پارەشمان نییە، ناچارین لە عەربەت 20 لیتر نەوت بە 15 هەزار دینار بکڕین".
هەڵمەتى دابەش کردنى نەوت لەنێو کەمپى عەربەت دەستى پێ کردبوو، لە هەموو کۆڵانەکان تەنکەرى دابەش کردنى سووتەمەنى هەبوو نەوتى بەسەر ئاوارەکاندا دابەش دەکرد، نەوتەکە رێکخراوى UNHCR بە هاوکارى رێکخراوى چالاکى لاوان YAO دابەشیان دەکرد. ئەو رێکخراوە بۆ هەر خێزانێک ١٠٠ لیتر نەوتى دەدا، بە بەرمیلەکەوە.
جوامێر ئەحمەد نوێنەرى رێکخراوى چالاکى لاوان بوو و سەرپەرشتى دابەش کردنى بەشێکى ئەو نەوتەى دەکرد، جوامێر گوتی: "کەمپەکە دابەش کراوە بەسەر چەند زۆنێکدا، دوێنێ لە بەشى A وB نەوت دابەش کراوە ئەمڕۆش تەواوکەرى ئەو بەشانەى دوێنێ و لە بەشى C و E نەوت دابەش دەکەین، بۆ هەر خێزانێک 100 لیتر نەوتى پێ دەدەین، لە وەرزى زستاندا هەڵمەتەکە دووجارە و ئەگەر پێویست بکات جارى سێیەمیش دابەشی دەکەین".
دەربارەى ئەوەى ئاوارەکان گلەییان لەوە هەیە کە ئەو نەوتە کەمە و بەشى پێداویستییان ناکات، ناوبراو گوتى: "دڵنیام ئەو بڕەى دابەشى دەکەین بەش دەکات و بەر لەوەى تەواویش بێت ئێمە نەوتى دیکەیان پێ دەدەین".
کەمپى ئاوارەکانى عەربەت ناسراو بە "کەمپى باریکە" دەکەوێتە نزیک ناحیەى عەربەت و لە دوای هاتنى ئاوارەکانى رۆژئاوا بۆ هەرێمى کوردستان لەلایەن حکوومەتى هەرێمى کوردستان و رێکخراوى UNHCRەوە دروست کرا و سەرجەم ئەو ئاوارانەى لە رۆژئاواوە روویان لە پارێزگاى سلێمانى کردووە لێرە نیشتەجێ کراون.