Cemal Sargati
05 تشرینی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 06 تشرینی یەکەم 2016
سلێمانى – AA
کونسوڵى گشتى فەڕەنسا لە هەرێمى کوردستان، دۆمینک ماس سەردانى شارى سلێمانى کرد و هەر یەکە لە مۆزەخانەى نیشتمانى ئەمنەسوورەکە و قوتابخانەى فەڕەنسى دانیال میتران لە سلێمانى بەسەر کردەوە و رایگەیاند "زۆر پێویستە قوتابخانەیەکى هاوشێوەى قوتابخانەى فەڕەنسى هەبێت لە شارەکانى دیکەی هەرێمى کوردستان. گوتیشى: "فەڕەنسا هاوکارێکى باش دەبێت بۆ ئازاد کردنى شارى مووسڵ".
لەوسەردانەیدا بۆ قوتابخانەى فەڕەنسى دانیال میتران، کونسوڵى گشتى فەڕەنسا لە هەرێم سوپاسى بەرپرسانى پەروەردەی کرد کە توانیویانە هاوکارێکى باش بن بۆ کردنەوەى ئەو قوتابخانەیە.
کونسوڵى گشتى فەڕەنسا، دۆمینک ماس لەو کۆنگرە رۆژنامەوانیەدا رایگەیاند "کەرتى پەروەردە رێگایەکە بۆ رۆشنبیرکردنى کۆمەڵگا و زیاتر چالاککردنى کۆمەڵگا دەردەخات و داهاتوو رووناک دەکاتەوە، ئەم قوتابخانەیە کە کراوەتەوە لە ئاستێکى زۆر باشدایە لەچاو قوتابخانەکانى ترى وڵاتى فەڕەنسا".
گوتیشى: "کردنەوەى ئەم قوتابخانەیە وا دەکات پەیوەندییەکانى هەردوو لا پتەوتر بێت و وادەکات کە فەڕەنسا زیاتر خزمەتى هەرێمى کوردستان بکات".
کونسوڵى گشتى فەڕەنسا لە هەرێمى کوردستان راشیگەیاند "لەبارەى شەڕى داعش و ئازادکردنى مووسڵ ئەو شەڕە تەنها عێراق و هەرێمى کوردستانى نەگرتووەتەوە و فەڕەنسا هەوڵى داوە کە هاوکارى پێشمەرگە بکات بە مەشق پێکردن بێت یاخود بە ناردنى هاوکارى سەربازى بێت هاوکارێکى باش بووە بۆ لەناو بردنى چەکدارانى داعش".
گوتیشى: "لە ئێستادا هێزەکانى فەڕەنسا لە هەرێمى کوردستانن بۆ مەشق پێکردنى هێزەکانى پێشمەرگە بۆ رووبەڕووبوونەوەى چەکدارانى داعش هەروەها لەئێستادا فڕۆکە جەنگیەکانى فەڕەنسا لە ناوچەی کەنداون بۆیارمەتى دان لەکاتى رزگارکردنى شارى مووسڵ لە چەکدارانى داعش".
دۆمینک ماس ئاماژەى بۆئەوەشکرد کە لەو کاتەوەى شەڕى داعش دروست بووە خەڵکى ناوچەکان ئاوارەبوون و فەڕەنسا هاوکاری مرۆیى ئەو ئاوارانەى کردووە چ لە ئەنبار و دیالە بێت یاخود پارێزگاکانى هەرێمى کوردستان بێت ئەوا فەڕەنسا هاوکارى مرۆیى ئەو ئاوارانەى کردووە لە داهاتووشدا ئەو هاوکارییە مرۆییانە زیاتر دەبن".
لەبارەى زیاتر پەیوەندیەکانى هەرێمى کوردستان و فەڕەنسا، دۆمینک ماس گوتى: "بەرپرسانى سیاسى فەڕەنسا سەردانى هەرێمى کوردستانیان کردووە و هەروەها بڕیاریشە بەرپرسانى تریش سەردانى هەرێمى کوردستان بکەن و لە هەرێمى کوردستانیش لە چەند رۆژى رابردوودا سەرۆکى هەرێمى کوردستان سەردانى فەڕەنساى کرد ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت پەیوەندى هەردوولا پەیوەندیەکى پتەوە".