jamal sargaty
04 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 05 حوزەیران 2016
كۆنفرانسەكە، بەوتاری ژووری بازرگانی و پیشەسازی سلێمانی دەستی پێكرد، دواتر وتاری پارێزگاری سلێمانی لەلایەن ئاسۆ فەریدون پێشكەش كرا كە بەپێویستی زانی ئەم جۆرە كۆنفرانسانە بەردەوام بن تاكو كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان بایەخی زیاتری پێ بدرێت و گوتی: "پێویستە حكوومەتی هەرێمی كوردستان كاربكات بۆ بووژانەوەی ژێرخانی كەرتی كشتوكاڵ تاكو هەرێمی كوردستان زیاتر بەرهەمەكانی رەوانەی دەرەوە بكات ".
دواتر وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان، عەبدولستار مەجید وتارێكی پێشكەش كرد و رایگەیاند "لە وەزارەتی كشتوكاڵ كارمان كردووە بۆ جێبەجێ كردنی دوو ئەرك ئەوانیش، مسۆگەر كردنی كەرتی ئاسایشی خۆراك و هەروەها مسۆگەر كردنی كەرتی ئاسایشی ئاو كە بە تەواوەتی هەوڵمان داوە بۆ جێبەجێ كردنی ئەو ئەركانەی كە لەسەر شانی حكوومەت و وەزارەت دایە".
گوتیشی: "ئێمە لە وەزارەت چەند بەنداوێكمان لەبەردەستە بۆ جێبەجێ كردن و بەجێ گەیاندنی كەرتی ئاسایشی ئاو كە ئەوەیش هۆكارێكە بۆ مسۆگەر كردنی ئاسایشی ئاو لە هەرێمی كوردستان و زیاتر خزمەتكردنی هاووڵاتییان، هەروەها لە رووی ئاسایشی خۆراكیشەوە بەهەموو توانایەكمانەوە كارمان كردووە بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆ زیاد بكات و هاوكاری جووتیاران بكەین لەو روەوە بەڵام لە ئێستادا بەدەست گرفتێكەوە دەناڵێنین ئەوەیش ئەوەیە بەرهەمی ناوخۆی لە پێداویستی هاووڵاتییان زیاترە كە پێویستە كاربكرێت بۆ ناردنەدەرەوەی ".
عەبدولستار مەجید راشیگەیاند "ئێمە وەك وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو بەڵێن بە جووتیارانی هەرێمی كوردستان دەدەین كە كاربكەین بۆ ئەوەی بەرهەمەكانیان ساغ بكەینەوە و چەندین كارگە دروست بكەین تاكو بەرهەمەكانیان بەفیرۆ نەروات".
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو گوتیشی: "پێویستە سێكتەری كشتوكاڵ یەكەم سێكتەربێت بۆ بووژانەوەی ژێرخانی ئابووری هەرێمی كوردستان بەڵام ئەو سێكتەرە لەلایەن لایەنە پەیوەندیدارەكانەوە فەرامۆش كراوە كە ئەوەیش هۆكارێك بووە بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان تووشی قەیرانی دارایی بێت".
عەبدولستار داواشی لە بەڵێندەران و سەرمایەدارانی هەرێمی كوردستان كرد كە هاوكاربن بۆ ئەوەی بەرهەمی ناوخۆیی زیاد بكات و هەناردەی دەرەوەی هەرێمی كوردستانی بكەن.
هەرلەو كۆنفرانسەدا وتاری بەڕێوەبەری كشتوكاڵی سلێمانی لەسەر رەوشی كشتوكاڵ لەسنووری پارێزگای سلێمانی لەلایەن شاڵاو جەمالەوە پێشكەش كرا كە رایگەیاند "كەرتی كشتوكاڵ لەگەڵ دروستبوونی عێراق بە هەڵكشان و داكشان رۆیشتووە هۆكارەكانیشی زۆرن گرنگترینیان نەبوونی ئەمنیەت و ئاسایشە لە عێراق".
گوتیشی: "دانیشتوانی شاری سلێمانی لە ئێستادا لە دوو ملیۆن كەس زیاترە لەسەر رووبەری زیاتر لە 5 ملیۆن و سەد هەزار دۆنم خاكە و لەوەیش نزیكەی 2 ملیۆن و سەد هەزار دۆنم زەوی دێم و بەراوی شیاو و گونجاوە بۆ كشتوكاڵی بەرووبوومی زستان و هاوینە و لەم رووبەرەیش زیاتر لە یەك ملیۆن و شەش سەد هەزار دۆنم زەوی شیاوە بۆ بەرووبومی دێمەكار و بەتایبەت دانەوێڵەی وەك گەنم و جۆ كە ساڵانە نزیكەی یەك ملیۆن دۆنم زەوی گەنمی تێدا دەچێنرێت و خۆش بەختانە كڕینەوەی گەنمی جووتیاران لەلایەن ژووری بازرگانی حكوومەتی عێراق توانراوە زیاتر لە پێویستی ناوخۆ بەرهەم بهێنرێت". راشیگەیاند "بەرهەمهێنانی سەوزە و میوە بەگشتی لەسنووری پارێزگای سلێمانی نزیكەی 300 هەزار دۆنم زەوی تەرخان كراوە بۆ بەرهەمی سەوزە و میوە بەهۆی بوونی زیاتر لە 6 هەزار خانووی پلاستیكی ئەمانەش وایان كردووە بەرهەمی ناوخۆیی لە سنووری پارێزگای سلێمانی زۆر زیادبێت. بۆ بەرهەمی میوەش زیاتر لە 100 هەزار دۆنم زەوی تەرخان كراوە كە كراون بە باغی جۆراوجۆر وەك هەنار و ترێ و خۆخ و هەنجیر و هەرمێ و گوێز و چەندین بەرهەمی دیكە. لەبواری ئاژەڵداریشدا لە سنوورەكە زیاتر لە 504 پرۆژەی پەلەوەر هەیە كە ساڵانە زیاتر لە 30 ملیۆن مریشك بەرهەم دەهێنن ئەوەیش لە سەدا 75 بەرهەمی ناوخۆ پێك دەهێنن".
لای خۆیەوە ئەندامی ئەنجوومەنی ژووری بازرگانی سلێمانی، ئازاد شەمقار بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "بە مەبەستمان زانی كە ئەمڕۆ كۆنفرانسێكی تایبەت بە كەرتی كشتوكاڵ لە پارێزگای سلێمانی ئەنجامبدەین كە كەرتی كشتوكاڵ كەرتێكی گرنگی كۆمەڵگایە و پێویستە بایەخی پێ بدرێت".
گوتیشی: "لەدوای بەرێوەچوونی كۆنفرانسەكە نامیلكەیەك ئامادە دەكرێت و ئاراستەی حكوومەتی هەرێم و پەرلەمانی كوردستان دەكرێت كە سەرجەم گرفت و پێشنیازەكانی كەرتی كشتوكاڵ تێیدا باس دەكرێت تاكو بەهەموو لایەكەوە كاربكەین بۆ باشتر كردنی كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان". ئازاد راشیگەیاند "لە ئێستادا كەرتی كشتوكاڵ تاڕادەیەكی باش بەرێوەدەچێت و بەوەی ئەم قەیرانە داراییە رووی لە هەرێمی كوردستان كرد كە هەندێك كەس بۆ بەدەست هێنانی بژێوی ژیانی خۆی بگەڕێنەوە بۆ كاری كشتوكاڵ كردن كە ئەمەش وای كردووە زیاتر خزمەتی ئەو كەرتە بكرێت".
وەزیری كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان, عەبدولستار مەجید لە كۆنگریەكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند "ئێمە دەمانەوێت كەرتی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان بكەینە سێكتەرێكی گرنك بۆ پێكهێنان و بونیادنانی هەرێمی كوردستان كە ئەوەیش پێویستی بەهاوكاری و پاڵ پشتی حكوومەتی هەرێم و سەرجەم دامەزراوەكان هەیە". گوتیشی: "ئاییندەی كشتوكاڵ لە هەرێمی كوردستان ئاییندەیەكی گەش دەبێت كشتوكاڵ لە گەشەكردن و بەرەوپێش بردن دایە لەبەرامبەر ئەوەی كە ئێمەش لەبەر بێ مووچەیە و قەیرانی دارایی چەندین گرفت رووبەڕوومان بووەتەوە بەڵام هەر كارمان كردووە بۆ ئەوەی ئەو گرفتانە چارەسەر بكەین".
راشیگەیاند كە لە هەرێمی كوردستان پرۆژەی كەرتی كشتوكاڵ پرۆژەگەلێكی زۆرن وچەندین پرۆژەی دیكە لە بواری جێبەجێكردن دان كە ئەوەیش خزمەتی هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان دەكات".