hemn husain
02 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 03 حوزەیران 2016
زیاتر لە ساڵێکە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی شوێنەواری کوردستان و زانکۆی ئۆتۆنۆمی بەرسێلۆنا و زانکۆی سەڵاحەدین، دەستیان کردووە بە لێکۆڵینەوە لە پڕۆژەیەکی هاوبەش لە گردی لەشکری، لە شاری هەولێر.
نێوەڕۆکی ئەو پڕۆژەیە بریتییە لە دۆزینەوەی شوێنەوارەکان لەو ناوچەیە و پاشانیش توێژینەوە لەسەر پارچە دۆزراوەکان کە وەرزی یەکەمی هەڵکۆڵینەکە لە پاییزی ساڵی 2015 ئەنجام درا و وەرزی دووەمی هەڵکۆڵینەکەش لە ئایار و حوزەیرانی ساڵی 2016 ئەنجام درا.
بەڕێوەبەرایەتی شوێنەواری هەولێر و ئەندامانی زانکۆی ئۆتۆنۆمی بەرسێلۆنا سەبارەت بە پڕۆژەکە کۆنگرەیەکی هەواڵییان رێکخست.
بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێر نادر باپیر لە کۆنگرە هەواڵییەکەدا گوتی: "ئامانجی ئەو کۆنگرەیە، راگەیاندنی ئەنجامی هەڵکۆڵینی گردی لەشکرییە، هەرچەندە ماوەی دوو ساڵە تیمەکانی بیانی شوێنەوار لەبەر بارودۆخی عێراق نەیانتوانیوە سەردانی هەرێمی کوردستان بکەن بەڵام ئێستا ئەو تیمە بیانیانییەی کە گرێبەستمان لەگەڵیان هەیە کە ژمارەیان 15 زانکۆیە و ئامادەیی خۆیان نیشان داوە کە بێن بۆ سنووری پارێزگای هەولێر بەمەبەستی ئەنجامدانی کاری رووپێوی و لێکۆڵینەوە، سەرەڕای ئەوەش ئامانجی دیکەمان هەیە ئەویش دیراسەکردنی شوێنەوار و پشتڕاستکردنەوەی مێژووە".
هەر لە کۆنگرە هەواڵییەکەدا مامۆستای زانکۆی ئۆتۆنۆمی بەرسێلۆنا دکتۆر میکێل مۆلیست، گوتی: "ئەوە باشترین رێگایە بۆ بەدەستهێنانی ئەنجامی باش لە کاری شوێنەواری، یەک نەتەوە بە تەنیا سەختە ئەنجامی باش بەدەست بهێننن بەڵکو چەند تیمێک و چەند نەتەوەیەک بەیەکەوە دەتوانن کاری باشتر ئەنجام بدەن و ئەنجامی باشتریش بەدەست بهێنن، لەبەرئەوەی ئێمە وەکو تیمی زانکۆی ئۆتۆنۆمی بەرسێلۆنای ئیسپانی لێرەین بۆ ئەوەی لەگەڵ بەشی شوێنەوار لە زانکۆی سەڵاحەدین بتوانین کاری هاوبەش ئەنجام بدەین".
دکتۆر میکێل مۆلیست گوتیشی: "بێگومان ئێوە لە من باشتر دەزانن کە دەشتی هەولێر پڕە لە شوێنەواری زۆر گرنگ، گردی لەشکری یەکێکە لە شوێنەوارە گرنگەکان کە سەردەمی پێش مێژوو هەروەها دوای مێژوو لە خۆ دەگرێت، ئەمڕۆش پارچە شوێنەوارییە گرنگەکان لێرە نمایش دەکەین و جگە لەوەش نزیکەی 50 سندووق پارچەی دیکەمان هەڵگرتووە، ئەوەی کە هەتا ئێستا بە دەستمان هێناوە کۆنترینیان بریتییە لە چاخی ئاسنی".
دواتر مامۆستای زانکۆی ئۆتۆنۆمی بەرسێلۆنای ئیسپانیا و ئەندامی تیمی شوێنەوار، دکتۆر ئانا گۆمێز تیشکی خستەسەر مێژووی ئەو شوێنە و لە کۆنگرە هەواڵییەکەدا گوتی: "ئەو کارانەی کە تا ئێستا کردوومانە و لێکۆڵینەوەمان لەسەری کردووە، بۆمان دەرکەوتووە کە مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ هەزارەی سێیەمی پێش زایین و سەردەمی نەینەوای پێنج، هەندێک بەردی تێدایە کە بەکار هاتووە بۆ دروستکردنی پارچەی کانزایی، پاشماوەیەکی زۆری بیناسازی لە بەشی باشووری گردەکە دۆزراوەتەوە، مەبەستی ئێمە ئەوە بوو کە بگەیەنە سەر زەوییەکە بۆ ئەوەی لە مێژووی ئەو زەوییە بزانین".
جێی ئاماژەیە گردی لەشکری گردێکی شوێنەوارییە و 13 کیلۆمەتر لە قەڵای هەولێرەوە دوورە و دەکەوێتە نێوان قەزای بنەسڵاوە و شارەدێی کەسنەزانی سەر بە پارێزگای هەولێر و بەرزی ئەو گردە 14 مەتر دەبێت و رووبەرەکەشی بریتییە لە 4 هێکتار، بەپێی قسەکانی بەڕێوەبەری شوێنەواری هەولێریش، مێژووی گردەکە دەگەڕێتەوە بۆ سەردەمی ئاشووری نوێ لە سەدەی حەوتی پێش زایین.