Sarmand Hameed
17 کانوونی دووەم 2020•نوێکردنەوە: 22 کانوونی دووەم 2020
بەغدا - AA
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق رایگەیاند، هاووڵاتییەکی عێراقییان دەستگیرکردووە کە چەند پارچە شوێنەوارێکی فیرعەونی پێبووە و لە هەوڵدابووە بیبات بۆ ئێران.
دەستەی دەروازە سنوورییەکانی عێراق لە بەیاننامەیەکدا کە کۆپییەکی گەیشتووەتە ئاژانسی ئانادۆڵو، تیایدا ئاماژە بەوە دراوە کە گەشتیارێکی عێراقییان دەستگیرکردووە کە چەند پارچە شوێنەوارێکی فیرعەونی پێبووە و لە هەوڵدابووە لە رێگەی دەروازەی سنووریی شەیب لە پارێزگای میسان باشووری عێراق بیبات بۆ وڵاتی ئێران.
بەپێی بەیاننامەکەی دەستەی دەروازە سنوورییەکان، گەشتیارە عێراقییەکە چوار پارچە شوێنەواری فیرعەونی و تابلۆیەک کە وێنەی فیرعەونی لەسەر بووە، پێبووە.
دەستەکە هیچ وردەکارییەکی دیکەی لەوبارەیەوە نەخستووەتە روو.
دوای رووخاندنی رژێمی پێشووی عێراق لە لایەن ئەمریکاوە لە ساڵی ٢٠٠٣، چەندین پارچە شوێنەوار دزراون و بردراونەتە دەرەوەی وڵات.
ئەوکات، مۆزەخانەی عێراقی تاڵان کرا کە نزیکەی ١٦ هەزار پارچە شوێنەواری مێژوویی تیادابوو.