ھەولێر
بە بۆنەی رۆژی ئاڵای كوردستانەوە لە قوتابخانە و خوێندنگەكانی هەرێمی كوردستان، منداڵان و مامۆستایان ئاڵای كوردستانیان گرتە دەست و بە نیشانەی رێز بۆ پێشمەرگە، جلوبەرگی پێشمەرگەیان لەبەر كردبوو و بە دەنگی بەرز دروشمیان دەگوتەوە: "پێشمەرگە پێناسەی بوونمانە و ھەموومان پێشمەرگەین".
ئەو بۆنەیە لە بەرزترین ئۆرگانەكانی هەرێمی كوردستان، واتە پەرلەمانی هەرێم و ئەنجوومەنی وەزیران، رێزی لێ گیرا.
پەرلەمانی هەرێمی كوردستان لە ١٩ی حوزەیرانی ٢٠٠٤ بە بڕیاری ژمارە ٤٨ رۆژی 17ی كانوونی یەكەمی ھەموو ساڵێكی بە رۆژی رێزگرتن لە ئاڵای كوردستان دەستنیشان كرد.
ئاڵای كوردستان لە چوار لاكێشەی سوور و سەوز و سپی و خۆرێكی زەرد پێك دێت.
لاكێشەی سەرەوە رەنگی سوورە، ھێمایە بۆ خوێنی قوربانیانی بزووتنەوەی رزگاریخوازی كوردستان. لاكێشەی ناوەڕاست سپییە و ھێمایە بۆ ئاشتی و ئازادی و دیموكراتی گەلی كوردستان، لە ناوەڕاستی لاكێشە سپییەكەدا خۆرێك ھەیە رەنگی زەردە و دەكەوێتە خاڵی یەكتربڕی رووبەری لاكێشەكە، خۆرەکە ٢١ تیشكی سێگۆشەی یەكسانی لێ دەردەچێت و بەرزی تیشكەكان دەگاتە ناوەڕاستی ھەردوو لاكێشەی سوور و سەوز، خۆرەكە ھێمایە بۆ بەردەوامبوونی ژیان و مەعریفە و ھیوا و گەشبینی گەلی كوردستان بە داهاتووی نەتەوەیان و ٢١ تیشكەكەش ھێمایە بۆ جەژنی نەتەوەیی نەورۆز. لاكێشەی خوارەوە رەنگی سەوزە و ھێمایە بۆ نیشتمانی كوردستان و سروشت و ژینگەی كوردستان.
وەزیری ناوخۆی ھەرێمی كوردستان كەریم شنگالی لە رێوڕەسمی رێز گرتن لە ئاڵای كوردستان لە پەرلەمانی هەرێم بەشداربوو و ئەو رۆژەی بەرز نرخاند و گوتی: "ئێمە لە ژێر ئەو ئاڵایە گەورە بووین و ئێستاش شانازییە بۆ ئێمە كە لە خزمەت گەل و وڵاتین".
كەریم شنگالی ئاماژەی بە رۆژی دایك كرد كە هاوكاتە لەگەڵ رۆژی ئاڵای كوردستان و بەو بۆنەیە رێز و وەفای خۆی پێشكەشی دایكانی كوردستان كرد.
لە خوێندنگەکانی هەرێمی كوردستانیش رێز لە رۆژی ئاڵای كوردستان گیرا. خوێندکاران هاوشانی مامۆستایانیان ئاڵای كوردستانیان لەدەست گرتبوو و وێنەی یادگارییان لەگەڵ ئاڵاكە دەكێشا.
نەشمیل جەلال ماموستایە و گوتی: "ئەمڕۆ بە ھەموو ھەست و سۆزم ئاڵای وڵاتی خۆم بەرز رادەگرم و ئەو پەروەردەیەش فێری خوێندكاران دەكەم كە ھەموو رۆژێك دەبێت رێز لە ئاڵا و خاك و پێشمەرگەی كوردستان بگیرێت".