هەولێر
ئەندامی فەرماندەیی میحوەری زومماری هێزی پێشمەرگەی هەرێمی كوردستان رائید رەشید حاجی عەلی بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، پێشمەرگە لەگەڵ دەستپێكی هێرشی ئەمڕۆ تا ئێستا زیاتر لە ٤٠كلم زەوی لە دەستی چەكدارانی دەرهێناوە و چەند گوندێكی دیكەشی کۆنترۆڵ كردووە.
ئەو فەرماندەیەی هێزی پێشمەرگە روونی كردەوە كە هەریەكە لە گوندەكانی كارێزە، گلگامێش، كوتانێ، حوكنە، فەقێ رووك، گردە شۆر، هریز و گردی مەرگ بە تەواوی کۆنترۆڵ كراون و پێشمەرگە لە پێشڕەویدایە.
ئەو ئەندامەی فەرماندەیی میحوەری زوممار ئاماژەی بەوە کرد كە كۆنترۆڵ كردنەوەی ناحییەی سنونێ نزیك بووەتەوە و پێشمەرگە بەرەو ئەو ناحییەیە پێشڕەوی دەكات، لەو باریەوە گوتی: "هێزی پێشمەرگە گەیشتووەتە نزیك ناحییەی سنونێ و دوای كەمێكی دیكە بە یارمەتی خودا هەواڵی ئازاد كردنی ئەو ناحییەیەش بڵاو دەكەینەوە".
ئەو زیاتر گوتی: "چەكدارانی داعش بە هەموو توانایەكیان هەوڵی ئەوە دەدەن بەرگری بكەن، بەڵام ئازایەتی پێشمەرگەكان وای كردووە كە نەتوانن بەرگەی هێرشی توندی پێشمەرگەكان بگرن و ئێستا لە پاشەكشەدان و شكستی زۆریان هێناوە و كوژراو و برینداری زۆریشیان هەیە".
هێزی پێشمەرگە بە هاوكاری هێزەكانی ئاسمانیی هاوپەیمانان لەم هێرشانەیاندا تانك و تۆپخانە لە هەرسێ میحوەری ناحییەی زوممار لە دژی چەكدارانی داعش بەكار دێنن و لە كاتی ئامادە كردنی ئەم هەواڵە شەڕ و پێكدادانی سەخت روو دەدات.
سەعات چواری بەیانی ئەمڕۆ چوارشەممە بە مەبەستی کۆنترۆڵ كردنی ناحییەی سنونێ، فڕۆكە جەنگییەكانی هاوپەیمانان بە چڕی بنكەكانی چەكدارانی داعشیان لە خانەسۆر و سنونێ بۆردومان كرد و سەعات پێنجی بەیانیش هێزەكانی پێشمەرگە دەستیان بە پێشڕەوی كردووە.
ناحییەی سنونێ ناوچەیەكی ستراتیژی سەربازییە بۆ چیای شنگال و قەزای شنگال و دەكەوێتە رۆژئاوای هەرێمی كوردستان و لە سنووری سووریاوە نزیكە.