Zana Natık Kerem
17 تشرینی دووەم 2026•نوێکردنەوە: 17 تشرینی دووەم 2026
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ڕایگەیاند کە ھەرێمی کوردستان دابەش ناکرێت و جەختی لەوەش کردەوە کە لەگەڵ ئەوەدان قەوارەی ھەرێمی کوردستان پارێزراو بێت.
مەسرور بارزانی لە میانی رێوڕەسمی دانانی بەردی بناخەی پڕۆژەی گەشتیاری موڤێنپێک - گۆمەسپان لە ھەولێر گوتارێکی پێشکەش کرد و ڕایگەیاند کە پڕۆژەی موڤێنپێک - گۆمەسپان، پڕۆژەیەکی گرنگی گەشتیارییە.
سەرۆکوەزیرانی ھەرێم ئاماژەی بەوەشدا کە ھەر لە سەرەتاوە ئامانجیان، خزمەتکردنی خەڵکی بووە و گوتی: "ویستوومانە خەڵکی ھەرێمی کوردستان لە ژیانێکی بەختەوەرتر بژین و چێژ لە سرووشتی وەربگرن".
ھەروەھا مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد کە ئەم جۆرە پڕۆژانە بە رێگەی کەرتی تایبەتەوە جێبەجێ دەکرێن و حکوومەت ئاسانکارییان بۆ دەکات و ڕایگەیاند: "ئامانجمانە لە رێگەی پڕۆژەکانەوە کەرتی گەشتیاری بەرەو پێش ببەین".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی ڕاشیگەیاند کە لە پلانیاندایە لە ھەموو شوێنێکی ھەرێمی کوردستان پڕۆژەی ھاوشێوە جێبەجێ بکەن.
مەسرور بارزانی لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا گوتی: "سەبارەت بە بوودجە و شایستە داراییەکانی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ حکوومەتی عێراق لە پەیوەندیداین".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان، مەسرور بارزانی لەبارەی دۆخی ھەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: "ھەندێک لایەن دژی ھەوڵەکانمان دەوستنەوە و نایانەوێت ھەرێمی کوردستان بەھێز بێت".
مەسرور بارزانی باسی لەوەش کرد کە پێشتر ھەندێک لایەن داوای کاراکردنەوەی پەرلەمانییان دەکرد کەچی ئێستا سکاڵایان لە دژی کاراکردنەوەی پەرلەمان تۆمار کردووە و گوتی: "ئێمە بە ھەموو توانای خۆمان لەگەڵ ئەوەین قەوارەی ھەرێمی کوردستان پارێزراو بێت".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێم ئاماژەی بەوەشدا کە دوای کاراکردنەوەی پەرلەمانی کوردستان-عێراق ئێستا شەرعییەتی قەوارەی ھەرێمی کوردستان پارێزراوە و ڕایگەیاند: "ئێمە بە کردەوە سەلماندوومانە چەند خزمەتی خەڵکی کوردستانمان کردووە و رێگریش لە جێبەجێکردنی پڕۆژەکانمان کراوە".
مەسرور بارزانی جەختی لەوەش کردەوە کە ھەرێمی کوردستان دابەش ناکرێت و گوتی: "زۆر خۆشحاڵم دەبینم خەڵکی دڵسۆز و خۆشەویستی سلێمانی دژی ئەم ھەڵمەتە ھاتوونەتە دەنگ".
سەرۆکوەزیرانی ھەرێم گوتیشی: "زۆر ھەوڵدراوە ھەموو شتێک لە دەستی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان دەبھێنرێت، بەڵام ھەموو ھەوڵەکانیان شکستیانھێناوە".