Sangar Hamad Azeez,muhemmed salih
22 شوبات 2016•نوێکردنەوە: 24 شوبات 2016
کەرکووک
ماوەیەکە دیاردەی کوشتن و رفاندنی هاووڵاتییان لە شارۆچکەی خورماتووی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینسەری هەڵداوەتەوە.
بەمەبەستی بەرگرتن لەم دیاردەیە ئەمڕۆ بەرپرسانی هێزی پێشمەرگە، حەشدی شەعبی، هێزی ئاسایش و پۆلیسی ناوچەکە لە بینای قایمەقامی ئەو شارۆچکەیە کۆبوونەوە.
کۆبوونەوەکە لەلایەن قایمەقامی خورماتوو شەلال عەبدول بەڕێوە چو و نزیکەی دوو سەعاتی خایاند و دواتر کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ساز کرا.
شەلال عەبدول رایگەیاند: "لە کۆبوونەوەکەدا، هێزەکانی پێشمەرگە و حەشدی شەعبی پێکهاتن لەسەر ئەوەی هەر رووداوێک لەم شارۆچکەیە بێتەئاراوە، راستەوخۆ بەشداری ناکەن. هەروەها ئەو گومانلێکراوانەی دەستگیر دەکرێن، رادەستی دادگا بکرێن. جگە لەمەش نابێت هیچ بەندکراوێک، بە هۆی پشتیوانی لایەنێکی سیاسییەوە ئازاد بکرێت".
قایمەقامی خورماتوو جەختی لەوە کردەوە کە لە کۆبوونەوەی ئەم جارەش بەهەمان شێوەی پێشوو داوایان کردووە کە هێزی چەکدار لە نێوشاردا پاشەکشە بکەن و گوتی: "چەندین گرووپی چەکداری نایاسایی لە شارۆچکەکە دروست بوون کە هاووڵاتییان دەکوژن و دەیانڕفێنن و دزی دەکەن. هۆکاری ئەوەی کە ناتوانین دەستگیریان بکەین و کۆنترۆڵی دیاردەکە بکەین، بوونی هێزەکانی حەشدی شەعبی و پێشمەرگەریە لە ناوەندی شارەکە".