Sangar Hamad Azeez
29 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 31 ئادار 2016
لە چوارچێوەی سەردانە فەرمییەكەی بۆ ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا، وەزیری دەرەوەی توركیا مەولود چاوشئۆغڵو لەگەڵ هاوتا ئەمریكییەكەی جۆن كیری كۆبووەوە.
بەر لە كۆبوونەوەكەش هەردوو وەزیر بۆ رۆژنامەنووسان چەند روونكردنەوەیەكیان دا.
جۆن كیری وێرای بەرزنرخاندنی سەردانەكەی چاوشئۆغڵو، باسی لە ئامادەكارییەكانی كۆبوونەوەی لووتكەی ئەمنی ووزەی ئەتۆمی كردوو رایگەیاند كە سەركۆماری توركیا رەجەب تەیب ئەردۆغان بەشداری لە كۆبوونەوەكەدا دەكات و گوتی: "بەهاتنی بەرێز ئەردۆغان هەلی كۆبوونەوە و باسكردنی چەندین بابەت دەرەخسێت".
جۆن كیری دڵگرانی خۆی نیشان دا بەرامبەر بە تەقینەوەكانی ئەم دواییەی توركیا و سەرەخۆشی خۆشی ئاراستەی كەسوكاری قوربانیان كرد.
كیری گوتی: "پێویستە داعش و بەرەی نوسڕە بە زووترین كات لەناو ببرێن و سەقامگیری بۆ ناوچەكە بگەڕێندرێتەوە. ئەو كارە بۆ بەرژەوەندی هەمووانە. لەم چوارچێوەیەشدا توركیا هاوبەشێكی باشی ئەمریكایە و هاوكات ئەندامی پەیمانی ناتۆیە. توركیا بۆ بەرگرتن لە لێشاوی كۆچبەرانی نایاسایی لە دەریای ئیجە، رێگەیدا ئەورووپا و ناتۆ یارمەتی بدەن ئەمەش هەنگاوێكی گرنگ و ژیرانەیە".
لە بارەی یارمەتیدانی پەنابەرانی سووری لە توركیا كیری گوتی: "توركیا بوودجەیەكی گەورە لە پەنابەران خەرج دەكات لەم چوارچێوەیەدا ئەمریكا بڕیاریداوە ٢٠ ملیۆن دۆلار بۆ پەنابەران لە توركیا بنێرێت".
وەزیری دەرەوەی ئەمریكا جۆن كیری جەختی كردەوە لەوەی كە لەگەڵ حكوومەتی توركیا چەندین كاری جیاواز دەكەن و گوتی: "توركیا ئەندامی گرووپی نێودەوڵەتی پاڵپشتی سووریایە و هەروەها رۆڵێكی كارا دەبینێت لە چارسەركردنی قەیرانی سووریا ئەمەش وادەكات كە هاوسۆزیمان زیاتر بێت تاوەكو لە بابەتی بازرگانی و ئابووری كاری هاوبەش بكەین".
لە بەرامبەردا وەزیری دەرەوەی توركیا مەولود چاوشئۆغڵو نیگەرانی و سەرەخۆشی ئەمریكای بەرز نرخاند و سوپاسی جۆن كیری كرد.
چاوشئۆغلو جەختی كردەوە لەوەی كە كردە تیرۆریستییەكان تەنیا لە برۆكسل و ئەنقەرە و ئیستانبوڵ نییە و گوتی: "لە پاكستان، ئەفریقا و تەواوی جیهان كردەی تیرۆری ئەنجام دەدرێت".
وەزیری دەرەوەی توركیا باسی لە بابەتی كۆبوونەوەكەی كرد لەگەڵ هاوتا ئەمریكییەكەی و گوتی: "لە كۆبوونەوەكەدا باس لە چۆنییەتی بەرەنگاربوونەوەی داعش، بەرەی نوسڕە و پەكەكە و رێكخراوەكانی دیكەی تیرۆریستی دەكەین. تەنیا لە دژی توركیا نا، بەڵكو ناچارین بەسەر تەواوی ئەو هەڕەشانەدا زاڵبین كە لە ئەورووپا و جیهان دەكرێت".
چاوشئۆغڵو تیشكی خستە سەر بابەتی پەنابەران و گوتی: "توركیا نزیكەی ٣ ملیۆن پەنابەری داڵدە داوە لەم چوارچێوەیەشدا ١٠ ملیار دۆلاری خەرج كردووە. هیوادرین لە نزیكترین كاتدا دەست بە جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتننامەیە بكرێت كە لەگەڵ یەكێتی ئەورووپا لەبارەی پەنابەرانەوە واژۆمان كردووە".