Muhammet Ali Kemal
29 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 30 ئادار 2016
ئەوە راگەیەنرا كە بڕیارە لە میانی لوتكەی ئاسایشی ئەتۆمییدا كە ئەم هەفتەیە لە واشنتۆنی پایتەختی ئەمریكا سازدەكرێت، سەرۆكی ئەو وڵاتە باراك ئۆباما لەگەڵ سەركردەكانی جیهاندا كۆبوونەوەیەك سەبارەت بە بەرەنگاربوونەوەی داعش سازبكات.
گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا جۆش ئێرنست، لە كۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا لە وەڵامی پرسیارێكدا رایگەیاند "ئۆباما لە كاتی بەڕێوەچوونی لوتكەی ئاسایشی ئەتۆمی كە بڕیارە رۆژانی ٣١ی ئادار و یەكی نیسانی داهاتوو بەڕێوەبچێت، پلانی هەیە لەگەڵ سەركردەكانی جیهاندا كۆببێتەوە و تاوتوێی بەرەنگاربوونەوەی داعش بكەن.
ئێرنست رایگەیاند ''بەهۆی ئەوەی كە ژمارەیەكی زۆر لە سەركردەكانی جیهان بەمەبەستی بەشداریكردن لە لوتكەی ئاسایشی ئەتۆمییدا سەردانی واشنتۆن دەكەن، سەرۆك ئۆباما پلانی هەیە كۆبوونەوەیەك سازبكات كە تێیدا باس لە لاوازكردن و لە كۆتاییدا لەناوبردنی رێكخراوی تیرۆریستیی داعش لەلایەن هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتییەوە بكرێت''.
ئاماژەی بۆ ئەوەشكرد كە لە كۆبوونەوەكەدا جگە لەتوانا ئەتۆمییەكانی رێكخراوەكە ''تیشك دەخرێتە سەر ئەو هەڕەشە بەرفراوانەی کە داعش بڵاویكردووەتەوە''.
- ئۆباما لە پەراوێزی لوتكەكەدا لەگەڵ ئابێ و پاركدا كۆدەبێتەوە
لەلایەكی دیكەوە لە روونكردەوەیەكدا كە لەلایەن كۆشكی سپییەوە بڵاوكراوەتەوە ئاماژە بۆ ئەوەكراوە، بڕیارە ئۆباما لە چوارچێوەی كۆبوونەوەكانی لەپەراوێزی لوتكەی ئاسایشی ئەتۆمییدا كۆبوونەوەیەكی سێ قۆڵی لەگەڵ هەریەك لە سەرۆكوەزیرانی ژاپۆن شینزۆ ئابێ و سەركۆماری كۆریای باشوور پارك گیون هیدا ئەنجام بدات.
لە روونكردنەوەكەدا هاتووە "ئەو كۆبوونەوە سێ قۆڵییە بۆ ئەوەیە كە وەڵامێكی هاوبەشی ئەو هەڕەشانە بدەنەوە كە كۆریای باكوور دەیكات و هەروەها بەمەبەستی بەرەوپێشبردنی هاریكاری ئەمنی نێوان هەر سێ وڵاتەکەیە لە رووی ناوچەیی و جیهانییەوە".