Hemn Baban
31 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 01 کانوونی دووەم 2017
ھەولێر
لە گۆڕەپانەکەدا چەند کچێکی خۆبەخش سەرقاڵی رەنگ کردنی دەموچاوی منداڵانی ئاوارە بوون، ئەوانەی کە حەزیان لە نەخشاندنی رووخسارەکانیان بوون.تۆڕی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی نەینەوا بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەزگای خێرخوازی بارزانی و لقی ھەولێری مانگی سووری عێراقی ئاھەنگێکی بۆ ژمارەیەک لە منداڵانی کەمپی ئاوارەکانی حەسەن شام لە نزیک شاری ھەولێر سازکرد و بەبۆنەی ھاتنی ساڵی نوێی زاینی ٢٠١٧ەوە ژمارەیەک دیاریشی بەسەریاندا دابەش کرد. لەو گۆڕەپانەی ئاھەنگەکەی تێدا ساز دەکرا، دەیان منداڵ لە ئاوارەکانی پارێزگای نەینەوا کە بەشێکیان جلوبەرگی قوڕاویی و پێلاو و نەعلی بە قوڕیان لەپێ کردبوو بێ گوێدانە خەمەکانی ئاوارەیی بە خەندە و ھاوار و فیکە و گۆرانییان دەگوتەوە، زوو زووش حەزیان لە سەماکردن بوو. لە لای راستی گۆڕەپانەکەشەوە چەند کچێکی خۆبەخش سەرقاڵی نەخشاندنی نیگارەکانییان بوون لەسەر دەموچاوی بەشێک لەو منداڵانەی حەزییان لە رەنگەکان دەکرد، ئیدی پێیان خۆش بوو وێنەی دڵ، پەپولە، ئاڵای کورستان، ئاڵای عێراق و شتی تریشیان لەسەر دەموچاو و روخسارییان بنەخشێنن.
لێرە لە گۆڕەپانێکی کەمپی ئاوارەکانی پارێزگای نەینەوا، کەمپی ناسراو بە "حەسەن شام " لەگەڵ منداڵەکاندا دەیان گەنج لە کچ و کوڕ و ژنان و پیاوانیش ھاتبوون بۆ ئەوەی بەشداریی خۆشییەکان بکەن و بۆ کەمێکیش بێت خەمی ئاوارەیی لە کۆڵی خۆیان بکەنەوە، لە ناوەڕاستی گۆڕەپانەکەش گۆرانیی دەگوترا، تیمێکیش لە کوردانی رۆژئاوا کە ناوی خۆیان نابوو گرووپی بێ سنوور لە چەند کوردێکی خەڵکی سووریا پێکھاتبوون بە جلە ئاڵا و واڵاکانییانەوە خۆشیی زیاترییان بەمنداڵانی بەخشی لەگەڵ ئەو سەمایەی دەیانکرد. سەرۆکی تۆڕی رێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی نەینەوا لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی" ئەمڕۆ ویستمان کەمێک خۆشی و خەندە بخەینە سەر لێو و رووخساری ئەم منداڵانە و سەرباری ئەم ئاھەنگە خنجیلانەیە کە ھەست دەکەین پێی دڵخۆشن، چەندین دیارییەکیش بە ھاوکاری ھەردوو دەزگای خێرخوازی بارزانی و لقی ھەولێری رێکخراوی مانگی سووری عێراق دابەش دەکەین".
ئیدی ئاھەنگەکە دەیان گەنجی لێ بوو لەوانەی چالاکوانی کۆمەڵگەی مەدەنیین و دەیانویست گۆڕەپانەکە لە ھاتوھاوار و بزێویی منداڵان بێ دەنگ بکەن، بەڵام خۆشیی مناڵەکان ئەم سنوورەی بڕی و زیاتر دەیانویست لە میوزیک و ھەڵپەڕکێ و ئەو دوو گەنجەی رۆژئاوا نزیک ببنەوە کە جلەکانییان جێی سەرنجی ئەوان بوون.