Zana Natık Kerem
15 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر ــ AA
پارێزگاری نەینەوا، نەجم جبوری رایگەیاند، داوایان لە حکوومەتی فیدراڵ کردووە کە ١٥ ملیار دینار وەک قەرەبوو بۆ دانیشتوانی ناوچەکانی قەزای شنگال و ٢٠٠ ملیار دینار بۆ دانیشتوانی شاری مووسڵ تەرخان بکات بۆ ئەوەی بتواندرێت مامەڵەکانی تایبەت بە نێشتەجێکردن جێبەجێ بکرێت.
نەجم جبوری لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا، سێ چارەسەری بۆ دابینکردنی شوێنی نیشتەجێکردنی ئاوارەکان خستەڕوو و گوتی: "یەکێک لە چارەسەرەکان ئەوەیە کە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران، ٢٥٠ کەرەڤانە بگوازێتەوە ناوچەکانی شنگال و دووەمیان، رێگە بدرێت بەو ئاوارانەی کە دەیانەوێت چادرەکانیان بگوزانەوە ناوچەکانیان و سێیەمیان، ژمارەیەک رێکخراوی مرۆیی بەشداربن لە بنیاتنانی خانوو بۆ بەشێک لە ئاوارەکان".
پارێزگاری نەینەوا، نەجم جبوری سەبارەت بەو زیانانەی کە بەھۆی ھێرشەکانی داعشەوە بەر شاری شنگال کەوتوون گوتی: "رێژەی زیانەکان لە شاری شنگال بەھۆی ھێرشەکانی داعشەوە لە ٦٠ بۆ ٨٠ لەسەدایە، بەڵام قەبارەی زیانەکانی ناوچەی کۆنی مووسڵ زۆر زیاترە لەوەی شاری شنگال".
نەجم جبوری ئەوەی وەبیرھێنایەوە کە بۆ چەندینجار داوایان لە حکوومەتی فیدراڵ کردووە کە ھاووڵاتییانی زیانلێکەوتووی شەڕی دژبە داعش، قەرەبوو بکاتەوە، بەڵام بەھۆی ئەوەی دەوڵەت بە رەوشێکی خراپی دارایی و ئابووریدا تێپەڕدەبێت، تا ئێستا حکوومەتی فیدراڵ نەیتوانیوە بەتەواوی ئەو دۆسیەیە چارەسەر بکات و گوتی:
"سەرۆکوەزیرانی عێراق، مستەفا کازمی دەستپێشخەرییەکی پەیوەست بە پێدانی قەرز و پێشینە تایبەت بە چارەسەرکردنی کێشەی نیشتەجێکردنی ئاوارەکان لە پارێزگای نەینەوا خستووەتەڕوو و ئێستا چاوەڕوانی ئەوەین ئەو دەستپێشخەرییە جێبەجێ بکرێت".
ناوبراو هەروەها گوتی: "داوامان لە حکوومەتی فیدراڵ کردووە کە ١٥ ملیار دینار وەک قەرەبوو بۆ دانیشتوانی ناوچەکانی قەزای شنگال و ٢٠٠ ملیار دینار بۆ دانیشتوانی شاری مووسڵ تەرخان بکات بۆ ئەوەی بتواندرێت سەرجەم مامەڵەکانی قەرەبووکردنەوەی تایبەت بە نیشتەجێکردن جێبەجێ بکەین".