Heman Hussein Yaseen
15 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 16 کانوونی یەکەم 2020
هەولێر - AA
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دیندار زێباری جهختی لهوهكردهوه پەکەکە بووەتە سەرئێشه بۆ هەرێمی کوردستان و بەهۆی بوونی پەکەکەوە چەندین گوند و ناوچە چۆڵکراوە و ناتوانرێت ئاوەدان بکرێتەوە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە خۆپیشاندانەکانی چەند رۆژی رابردوو لە سلێمانی لە پێوەری ئاشتییانە دەرچوون.
دیندار زێباری لەبارەی بارودۆخی ئەم دواییەی سلێمانی و پەلامارەکانی پەکەکە بۆ سەر هێزی پێشمەرگە و دروستبوونی دۆخێکی مەترسیدار لەسەر رێکخراوە بیانییەکان لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "من ناڵێم خۆپیشاندان، چونکە ئەوەی لە سلێمانی روویدا لە پێوەری ئاشتییانە دەرچوو، بۆیە مامەڵەی حکوومەت لەگەڵ ئەو مەلەفە کە بریتییە لە سووتاندنی بارەگا و موڵکی گشتی و دروستکردنی مەترسی لەسەر ژیانی هاووڵاتییان، دەبێت مامەڵەیەکی یاسایی بێت و حکوومەت بەرپرسیارە کە سەقامگیری بۆ هاووڵاتییان فەراهەم بکات، حکوومەتی هەرێم لەگەڵ مافی خۆپیشاندانە، بەڵام خۆپیشاندان رێوشوێنی تایبەتی خۆی هەیە و ناکرێت خۆپیشاندەر چەکی لەدەستدا بێت و بارەگا بسووتێنێت، ئەمە ناچێتە چوارچێوەی خۆپیشاندان".
رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان لە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان، دیندار زێباری گوتیشی: "ئێمە بەردەوام لەگەڵ کۆنسول و رێکخراوە بیانییەکان لە پەیوەندیداین و روونکردنەوەکانی حکوومەتیش روونە، بەڵام ئەگەر رێکخراوێک گشتاندانێک بکات و یەکلایەنە سەیری دۆخەکە بکات، ئەوا حکوومەتی هەرێم مافی خۆیەتی ئەو داتا و زانیارییەی لەبەر دەستییەتی پێشکەشی بکات".
دیندار زێباری لەبارەی بوونی پەکەکە لە ناوچەکە و مەترسی لەسەر کۆنسولخانە و رێکخراوە بیانییەکان گوتی: "پەکەکە ئەمڕۆ لە بەشێک لە ناوچەی شاخاوی بە قسەی حکوومەتی هەرێم ناکات و پەیوەندی لەگەڵ حکوومەت نییە و حکوومەتی هەرێم بەهیچ شێوەیەک لەو جموجۆڵەی بەرپرسیار نییە، ئەوان بە سیستەمی خۆیان کار دەکەن، پەکەکە بووەتە هۆکارێک کە ئەم ناوچانە ناسەقامگیربێت و بووەتە سەرئێشهیهكی گەورە بۆ دانیشتوانی گوندەکان و بووەتە هۆکاری ئەوەی کە سەدان گوندە ئاوەدان نەبێت و خەڵک نەتوانێت بگەڕێتەوە سەر زێدی خۆیان لەماوەی بیست ساڵی رابردوودا".