Hemn Baban
10 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 11 کانوونی یەکەم 2018
ھەولێر - AA
لە هەڤپەیڤینێکدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو، قایمقامی قەزای ناوەندی مووسڵ، زوھێر ئەعرەجی رایگەیاند، تەنھا لە ناوەندی مووسڵ پێویستییان بە هەزار و٥٠٠ قوتابخانە ھەیە، ٧٣ پردیش پێویستیان بە بونیادنانەوە ھەیە کە لەنێویاندا پێنج پردە سەرەکییەکەی شارەکە ھەن.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ساڵێک لەمەوبەر سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، داعش لە عێراق کۆتایی ھاتووە، ئایا دوای ساڵێک ئاوارەکان بۆچی نەگەڕاونەتەوە ناوچەکانی خۆیان و ئێستا چەند کەس لە دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا ئاوارەن؟
زوھێر ئەعرەجی: کەمپی ئاوارەکانی تایبەت بە دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا دابەش بوون و لە چەند ناوچەیەک ھەن کە لە ھەرێمی کوردستان لە ھەریەک لە پارێزگاکانی ھەولێر و دھۆک کەمپمان ھەیە، ھەروەھا کەمپی دیکەشمان لە باشوور و رۆژھەڵاتی شاری مووسڵ ھەیە کە دانیشتوانی قەزا و ناحیەکانی سەربە پارێزگای نەینەوا و سەنتەری پارێزگاش واتە دانیشتوانی شاری مووسڵ لەخۆدەگرن، بەپێی دوایین ئامارەکان، ٣٥٠ ھەزار کەس لە دانیشتوانی پارێزگای نەینەوا ھێشتا لە کەمپەکاندا دەژیین و بەشێک لە خێزانەکان دەگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان بەتایبەت لە مووسڵ و دوای چەند رۆژێکی دیکە جارێکی تر دەگەڕێنەوە بۆ نێو کەمپەکان.
بەداخەوە حکوومەتی ناوەندی تاوەکو ئێستا قەرەبووی ماددی ھاووڵاتییانی نەکردووەتەوە کە بە ھۆی ئەو زیانانەی لە خانووەکانیان کەوتووەتەوە ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان، ئەوە جگە لەوەی قەرەبووی موڵک و ماڵ و سەرچاوەی داھاتیشی نەکردوونەتەوە و ئێمە پێویستمان بەھەڵوەستەیەکی جددی ھەیە بۆ کۆتایی پێھێنان بە دۆسیەی ئاوارەکان، بەڵام کێشەمان ھەیە، بە نموونە بە ھۆی بوونی ناکۆکییەوە زۆرینەی ئێزیدییەکان ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ شنگال و ناوچەکانی دەورووبەری، ھەروەھا کێشەیەکی دیکە بریتییە لە مامەڵەنەکردنی حکوومەتی ناوەندی بە شێوەیەکی جددی بۆ ھاوکاریکردنی خێرا بۆ گێڕانەوەی ژیان تەنانەت بۆ نێو مووسڵیش کە لە رێگەی دابینکردنی ھاریکارییەوە دەبێت بۆ بونیادنان و دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون و دابینکردنی خزمەتگوزاری لە گوند و دێھاتەکان، ئەم خزمەتگوزارییانە پێویستی بە بڕە پارە و بوودجەی زەبەلاح ھەیە کە حکوومەتی خۆجێی ئەو توانا و بوودجەیەی نییە و لەبەردەستیدا نابێت، بەداخەوە بڕە پارەی پێویست بە بەردەوامی ژیان لە نەینەوا و گێڕانەوەی خزمەتگوزارییەکان و ئاوەدانی تەرخان نەکراوە، لەئێستادا بەنموونە چەندین پرد ھەن کە قەزا و ناحیەکان بەیەکتر دەبەستنەوە یان بە مووسڵ دەیانبەستێتەوە ھێشتا رووخاون و دروست نەکراوەنەتەوە، ھەموو ئەمانە وایکردووە کە بەشێک لە ھاووڵاتییان بەزەحمەت بگەڕێنەوە بۆ ناوچەکانی خۆیان.
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئەو بڕە پارەیەی بۆ ئاوەدانکردنەوەی نەینەوا پێویستە چەند دەبێت؟
زوھێر ئەعرەجی: لە راستییدا ئەو بڕە پارەیەی پێویستە بۆ ئاوەدانکردنەوەی پارێزگای نەینەوا زۆر زۆرە و ملیارەھا دۆلارمان پێویستە، ئێستا پێنج پردی سەرەکیمان لەنێو مووسڵ ھەیە و لە خزمەتدا نیین، ھەروەھا ٧٣ پردمان بەگشتی ھەیە کە لە دەرەوەی خزمەتدان، ئەو چارەسەرانەی کراون چارەسەری کاتیین و ئەو پرد و رێگە کاتییانەی دروستکراون بە شێوەیەکی ئەندازەیی و بۆ ھەمیشەیی نەکراون، بەڵکو گوتوومانە بۆ ئەوەی ژیان بگەڕێتەوە ئەوانە وەکو چارەسەری کاتی ئەنجام بدەین نەوەک چارەسەری ھەمیشەیی. لە راستییشدا زۆر پڕۆژە کراوە، بەڵام ھێشتا زۆر زۆرمان پێویستە و ملیارەھا دۆلارمان بۆ ئاوەدانکردنەوەی پارێزگاکە دەوێت تا بکەوێتەوە سەر پێی خۆی، ملیارەھا دۆلارمان بۆ دروستکردنەوەی یەکەی نیشتەجێبوون ھەیە و لە دروستکردنی نەخۆشخانە و ژێرخان و پێویستیی دیکە، زیاتر لە هەزار و٥٠٠ قوتابخانەمان لە مووسڵ پێویستە، ئەو بوودجانەشی کە تەرخانکراون زۆر زۆر کەمن و بەشی شتێکی ئەوتۆ ناکەن.
ئەنجوومەنی نوێنەران و ئەنجوومەنی وەزیرانی پێشوو ھەردووکیان دانیان بەوەدا ناوە کە نەینەوا پارێزگایەکی کارەستبارە، سەرباری ئەوەی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش ئەم راستییەی پشتڕاستکردووەتەوە، بەڵام ئەو بوودجانەی کە بۆ پارێزگاکە تەرخانکراون بەشی ھیچ ناکەن.
ئێمە بەپێی توێژینەوەکانمان ھەموو کەرتەکانی پارێزگاکە پێویستی بە بڕە پارەیەکی دیاریکراو ھەیە، بەڵام ئەگەر ژێرخانێکی باشمان ھەبێت بەلانیکەم پێویستمان بە ٥٠ ملیار دۆلار ھەیە بۆ ئەوەی ژیان بگەڕێتەوە، ئەگەر بمانەوێت پڕۆژەی گەورەتر بکەین ئەوا پێویستمان بە بڕە پارەی زیاتر دەبێت.
ئاژانسی ئانادۆڵو: بەمدواییانە باس لە بوونی جموجۆڵی داعش دەکرێت بەتایبەت لە چەند ناوچەیەکی پارێزگای نەینەوا و خەڵکانێکیش دەڵێن ترسییان لەگەڕانەوەی داعش ھەیە، بۆچوونتان چییە لەمبارەیەوە؟
زوھێر ئەعرەجی: بارودۆخی ئاسایش لە مووسڵ زۆر جێگیر و بەرقەرارە، لێرە و لەوێ چەند پێشێلکارییەکی ئەمنی روویانداوە، بەڵام ئەمە ئەوە ناگەیەنێت کە بارودۆخی ئەمنیی پارێزگاکە ناجێگیرە، ئەوە لە ھەموو پارێزگاکانی عێراق روودەدات جار و بار لێرە و لەوێ پێشێلکاریی ئەمنی روودەدات، ھەروەھا مووسڵ چەند جارێک رووبەڕووی ئەم پێشێلکارییانە بووەتەوە، بۆیە دەتوانین بڵێین کە بە پاڵپشتیی ھێزە ئەمنییەکان بارودۆخی ئاسایشی شارەکە جێگیرە و ھیچ مەترسییەک لەسەر مووسڵ لە ئارادا نییە، ھەروەھا ھێزەکانی ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی و چەندین راپۆرت ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن کە پارێزگای نەینەوا لەسەر ئاستی عێراق سێیەم پارێزگایە لە رووی جێگیریی ئەمنییەوە.
ئاژانسی ئانادۆڵو: چەند رۆژی رابردوو بارانێکی بەخوڕ بووە ھۆی ھەڵتەکاندن و لەناوچوونی نزیکەی سێ ھەزار خیوەت بەپێی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ لە عێراق، ژیانی زۆر خەڵکیش لە ئاوارەکانی نەینەوا کە دانیشتووی کەمپەکانن کەوتووەتە مەترسییەوە، چیتان بۆ ئەمە کردووە؟
زوھێر ئەعرەجی: خۆی لە راستییدا لە نێوان ھەزار بۆ ھەزار و ٥٠٠ خیوەتی زیان لێکەوتوومان تۆمارکردووە و یەکسەر بارودۆخەکە چارەسەرکراون کە بە زۆرینە لە کەمپەکانی جەدعە یەک و جەدعە دوو و جەدعە سێ و کەمپەکانی سەلامییە و نەمرودن، شوێنی یەدەگمان بۆ ئەو کەمپانە ھەیە و بارودۆخەکە لەژێر کۆنتڕۆڵدایە و لەگەڵ رێکخراوە نێودەوڵەتییەکان لەسەر ھێڵین، سوپاس بۆ خوا تاوەکو ئێستا ھیچ زیانێکی گیانی لەئارادا نییە و ئەوەی ھەیە چەند پردێک زەرەریان پێکەوتووە و ھەروەھا ژمارەیەک لە رێگەکانی نێوان قەزا و ناحیەکانی پارێزگاکە نەمابوون و ئەوەش چارەسەر کرا.