Eikp
10 کانوونی یەکەم 2018•نوێکردنەوە: 10 کانوونی یەکەم 2018
دهۆک - AA
گوتەبێژى ٢٨ هۆزى عەرەبى لە سنووری پارێزگاى نەینەوا و ناوچە جێناکۆکەکان، شێخ مزاحم ئەحمەد حوێت رایگەیاند "پەکەکە لە شنگال ئێستا خاوەنى پێنج سەربازگەى گەورەیە و هەر سەربازگەیەک ناوى هەزار چەکدارى تیادا تۆمارکراوە".
شێخ مزاحم ئەحمەد حوێت لە لێدوانێکى بۆ ئاژانسى ئانادۆڵو گوتى: "پەکەکە لە شنگال رۆژ دواى رۆژ پێگەى خۆى بەهێز دەکات و بەردەوام سەرگەرمى خۆ رێکخستنەوە و بەرفراوانکردنى دەسەڵاتى خۆیەتى لە ناوچەکە و لەئێستادا هەستاون بە هەڵکەندنى زیاتر لە ١٠٠ تونێل کە زۆینەى تونێلەکان دەکەونە لووتکەى چیاى شنگال و قەتپاڵى چیاکە و ژمارەیەک تونێلیش هەن لە ناوەندى قەزاکەدا".
گوتیشى: "لە تونێلەکاندا دەیان جۆرى چەکى قورس، مامناوەند و سووکیان حەشارداوە، ئەو تونێلانەیان جگە لەوەى وەکو کۆگاى چەک و تەقەمەنى بەکاریدەهێنن هەروەها لە میانى بۆردومان و دۆخە هەستیارەکانیشدا چەکدارانى پەکەکە خۆیانی تیادا حەشاردەدەن".
گوتەبێژى هۆزە عەرەبەکانى پارێزگاى نەینەوا و ناوچە جێناکۆکەکان دەڵێت "لەژێر چاودێرى سەرۆکوەزیرانى پێشووى عێراق، حەیدەر عەبادى رێککەوتن کراوە بۆ ئەوەى پەکەکە لە شنگال ببێتە خاوەن پێنج سەربازگەى گەورە، لەو سەربازگایەنەدا بەردەوام مەشق و راهێنانى سەربازى بەوکەسانە دەکرێت کە دەڕفێندرێن و بەزۆرەملێ دەکرێنە چەکدار، بەگوێرەى ئەو زانیارییە پشتڕاستکراوانەوەى ئێمە وەرمانگرتووە هەر سەربازگەیەک ناوى هەزار چەکدارى تیادا تۆمارکراوە، کۆى گشتى ناوە تۆمارکراوەکانى چەکدارانى پەکەکە لە شنگال پێنج هەزار چەکدارە، لەگەڵ ئەوەشدا سەدان چەکدارى دیکەیشیان لەگەڵدایە تا ئێستا ناویان تۆمارنەکراوە، بۆ ئاژاوەگێڕى و کوشتنى خەڵکى مەدەنی بەکاردەهێندرێن".
شێخ مزاحم حوێت ئاشکراى دەکات کە پەکەکە زیاتر لە ١٠٠ منداڵى لە سنوورى قەزاى شنگال رفاندووە و بەزۆرەملێ چەکدارى کردوون و دەشڵێت "منداڵە رفێندراوەکان لە تەمەنى جۆراوجۆرن و تەنانەت منداڵى هەشت ساڵان و نۆ ساڵانیشیان لەنێودایە، ژمارەیەک لە منداڵەکان کوردى ئێزدین و ئەوانەى دیکەیش لە پێکهاتە جیاوازەکانى دیکەى سنوورى قەزاى شنگال و پارێزگاى نەینەوادان".
حوێت ئاماژە بە گواستنەوەى منداڵە رفێندراوەکان لە شنگالەوە بۆ سووریا دەدات و دەڵێت "هەموو ئەو منداڵانەى کە لە لایەن پەکەکە رفێندراون بێ سۆراغکراون، ئەمەیش گومانى ئەوەى نەهێشتووە کە سەرجەم منداڵە رفێندراوەکان لە شنگاڵ راهێنانیان پێدەکرێت و دواى راهێنان چەک دەخرێتە شانیان و بۆ ژێر دەسەڵاتى هەسەدە/پەکەکە لە سووریا بەڕێدەکرێن".
گوتەبێژى ٢٨ هۆزى عەرەبى لە پارێزگاى نەینەوا و ناوچە جێناکۆکەکان، شێخ مزاحم ئەحمەد حوێت هەروەها گوتى: "ئێمە وەکو هۆزە عەرەبەکانى ئەو ناوچانە کۆبوونەوەمان کردووە و سەرجەم سەرۆک هۆزەکان هاوڕابووین کە تورکیا هەڵستێت بە رێگریکردنى ئەو پێشێلکارییانەى پەکەکە لە شنگال و دەورووبەرى".
لەبارەى هاتوچۆى تیرۆریستانی پەکەکە لە نێوان شنگال و سووریا ناوبراو ئاماژەى بۆ ئەوە کرد کە هاتوچۆى بەردەوام لە نێوان سووریا و شنگال هەیە، ئاڵوگۆڕى سەربازى هەیە. لەگەڵ ئەوەشدا دەیان خاڵى گومرکیان دروستکردووە باج و سەرانە لە خەڵکى بەش مەینەتى ناوچە سنوورییەکان وەردەگرن.
بەبیانووى رووبەڕوو بوونەوەى چەکدارانى داعش لە ئابى ساڵى ٢٠١٤ ژمارەیەک تیرۆریستی پەکەکە لە سووریاوە بەبێ مۆڵەتى حکوومەتى هەرێمى کوردستان و هێزەکانى پێشمەرگە، دزەیانکردە قەزاى شنگال و تا ئێستا چەندین گرووپى چەکدارییان لەژێر چەترى گرووپى چەکدارى تیرۆریستی پەکەکە دامەزراندووە. وێڕاى ئەوەى چەندین جار لە لایەن حکوومەتى هەرێمى کوردستان و ئیدارەى پارێزگاى نەینەوا و ئیدارەى قەزاى شنگال داواى دەرچوونى پەکەکە کراوە، بەڵام هێشتا لە سنوورەکە چالاکى جۆراوجۆر ئەنجام دەدەن.