Hemin Hüseyin
15 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 16 ئەیلوول 2017
هەولێر - AA
سەرۆکی فڕاکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی لە پەرلەمانی کوردستان، مەڕوان گەڵاڵی لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند کە ئەوان بەشداری کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان ناکەن.
سەرۆکی فڕاکسیۆنی کۆمەڵی ئیسلامیی لە پەرلەمانی کوردستان، مەڕوان گەڵاڵی، گوتی: "ئەوەی لای ئێمە گرنگ بوو وەکو کۆمەڵی ئیسلامیی کە ئاواتەخوازبووین هەموو لایەنە سیاسییەکان گەیشتبوونایە رێککەوتنێکی سیاسیی، بۆ ئەوەی پەرلەمانی کوردستان کارابکرێتەوە بەو دەستەی سەرۆکایەتییەی کە هەیبوو، لەو چوارچێوەیەشدا پێشوازیمان لە هەموولایەنە سیاسییەکان کردووە بۆ نەمانی ئەو بارگرژییەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بەڵام لەدوایین هەوڵەکانی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان کە حەوت خاڵیان هێنا و ئێمە ئەو حەوت خاڵەمان پێ باش بوو، هانی هەموو لایەنەکانماندا بۆ ئەوەی رێککەوتنێکی سیاسیی لەسەر بکرێت".
مەڕوان گەڵاڵی گوتیشی: "ئێمە لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی پەرلەمانی کوردستان بەشدارنابین لەبەر ئەوەی دانیشتنەکە و شێوازی ئەجێندای دانیشتنەکە لەگەڵیدا نیین و خوازیارین دانیشتنی دیکە نەکرێت بۆ ئەوەی بارودۆخ ئاڵۆزتر نەبێت و پێویستە کار بکەین لەسەر گێڕانەوەی پاشەکەوتی مووچە کە لەلای حکوومەتە".
بڕیارە کاتژمێر٧ـی ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی دوای دوو ساڵ، دانیشتنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوەبچێت و هاوکات هەردوو فڕاکسیۆنی بزووتنەوەی گۆڕان و کۆمەڵی ئیسلامیی رایانگەیاند کە ئەوان بەشداری دانیشتنەکەی پەرلەمان نابن.