Rewa Mahmut Hasan
18 مای,س 2016•نوێکردنەوە: 18 مای,س 2016
کۆبوونەوەی پەرلەمانی تورکیا بەمەبەستی تاوتوێ کردنی هەڵگرتنی پارێزبەندی یاسایی چەند پەرلەمانتارێک بەردەوامی هەیە.
لای خۆیەوە بریکاری سەرۆکی فراکسیۆنی هەدەپە ئیدریس باڵوکەن هەڵگرتنی پارێزبەندی یاسایی پەرلەمانتارانی بە هەوڵێک بۆ هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان ناوبرد، هەر بۆیە کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی بە گرنگی و مێژوویی وەسف کرد، لەکاتێکدا داواکە بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندیی بە دژی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان وەسف کرد.
باڵوکەن لەدرێژەی گوتەکانیدا هەوڵەکانی بە کودەتا بۆسەر دیموکراسی وەسف کرد و گوتی: "تەسفیە کردنی هەدەپە لە پەرلەمان بە تەسفیە کردنی تەواوی ئۆپۆزسیۆن لە پەرلەمان کۆتایی دێت. لەپێش هەموویانەوە جەهەپە. هاوکات داوا لە جەهەپە و ئۆپۆزسیۆن دەکەین کە بەدەنگی بەرز دژی دیکاتۆریەت و ئەو هەنگاوە بوەستنەوە. هەڵوێستی جەهەپە و وەڵامیان بۆ کودەتای کۆشک (مەبەست لە کۆشکی کۆمارییە) بۆ داهاتووی دیموکراسی وڵات و گەلەکانمان گرنگە".
ئەوەی جێی سەرنج بوو لەکاتی بەڕێوەچوونی کۆبوونەوەکەی پەرلەمان لەسەر ئەو پرسە، پەرلەمانتارانی هەدەپە لەکاتی دانیشتنەکەدا وێنەی بەکۆمەڵیان گرت.