Hemin Hüseyin
14 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 15 ئەیلوول 2017
زاخۆ - AA
سەرۆکی هورێمی کوردستان، مەسعود بارزانی رایگەیاند "بڕیاری ریفراندۆم بڕیاری گەلی کوردستانە و رۆژی ٧ی حوزەیران پارتە سیاسییەکان بڕیاری خۆیان داوە و رۆژی 25ی ئەیلوولیان وەک چارەنووسی خۆیان دیاری کردووە".
بارزانی جەختی لەوە کردەوە کە بنەمای شەراکەت لە عێراق نەماوە بۆیە ئەم بڕیارەماندا و ئاماژەی بە کۆبوونەوەی ئەمڕۆی خۆی لەگەڵ نوێنەرانی نەتەوەیەکگرتووەکان، ئەمریکا و بەریتانیا کرد و گوتی: "پێمان راگەیاندن کە ئەگەر بەدیلتان نەبێت ئەوە خەڵکی کوردستان ئامادە نابێت ریفراندۆم دوابخات".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بەشداری لە رێوڕەسمی "کەرنەڤاڵی سەربەخۆیی کوردستان" کرد کە لە شاری زاخۆ بەرێوە چوو.
بارزانی لە وتارەکەیدا سەرەتا ئاماژەی بەوەدا کە "من نەهاتووم بۆ ئەوەی داوا لە ئێوە بکەم دەنگ بە سەربەخۆبوونی کوردستان بدەن چونکە پێویست ناکات کەس بە ئێوە بڵێ دەنگ بدەن بەڵام باوەر بکەن بیری ئێوەم کردبوو کە بێمە زاخۆ و هەوای زاخۆ هەڵبمژم.
بارزانی گوتی: "ئەمڕۆ بابەتی گرنگ بابەتی ریفراندۆمە و بڕیاری ریفراندۆم بڕیاری گەلی کوردستانە و رۆژی ٧ی حوزەیران لایەنە سیاسییەکان بڕیاری خۆیان دا و رۆژی 25ی ئەیلوولیان بۆ چارەنووسی خۆیان دیاری کرد. بۆ ئەم بڕیارە دەرکرا؟ ئەم بڕیارە دوای هەموو ئەم ئەزموونانە بوو کە شکستی خواربوو، دەستوور پێشێل کرا و شەراکەت نەما و هەموو شتێک گەڕانەوە بۆ زۆرینەی سیاسی و لەم بارەشەوە زۆر بە خراپی هەڵسوکەوتیان کرد".
سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشمەرگە و بوودجە وەک دوو نموونەی هێنایەوە کە بەغدا پێشێلی کردوون و ئاماژەشی بەوەداوە کە پەرلەمانی بەغداش هەر بەو شێوەیە بە زۆرینەی سیاسی پێشێلی مافەکانی هەرێمی کوردستانی کردووە.
بارزانی رایگەیاند: "ریفراندۆم ئامرازە و ئامانج نییە" و لەم بارەوەی گوتی: "چێتر لۆزان و جەزائیر چارەنووسی ئێمە دیاری ناکەن".
جەختیشی لەوە کردەوە کە دوای 2003 بە دڵسافی چوونەتە بەغدا بەڵام رۆژ بە رۆژ دژایەتیکردن کوردستان زیاتر بووە. بارزانی برێنی بوودجەی هەرێمی کوردستانی بە ئەنفالێکی دیکە ناو هێنا.
سەرۆکی هەرێمی کوردساتان باسی لە کۆبوونەووەی ئەمڕۆی لەگەڵ نوێنەرانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمریکا و بەریتانیا کرد و گوتی: "گوێمان لە بۆچوونی ئەوان گرت و بۆچوونی خۆشمان باس کرد. ئەوان هەڵوێستان دیارە و دەڵێن لەگەڵ مافی گەلی کوردستانین بەڵام ئێستا کاتی ریفراندۆم نییە. ئێمەش گوتمان ئەگەر بەدیلێکی باشتر هەبێت گەلی ئێمە رازی دەبێت و بەدیل نەبێت ئێمە ریفراندۆمی خۆمان دەکەین، چی دەبێت با ببێت".
جەختی لەوە کردەوە کە "ئەگەر تەنیا مەبەست دواخستنی ریفراندۆم بێت ئەوە ریفراندۆم دوا ناخرێت".
گوتیشی: "باجی پێویست بۆ سەربەخۆییبوون دەدەین و ئەگەر وابێت سەربەخۆییبوون دێتە ئاراوە و کەس ئەم مافەمان ناداتێت و بۆخۆمان دەبێت وەریبگرین".
راشیگەیاند: "ئەو کردەوانەی پەرلەمانی عێراق هیچ بوارێک بۆ گفتوگۆ ناهێڵێت". رەخنەشی لە هەندێک لە بەرپرسانی بەغدا گرت لەبارەی لیدوانەکانی دژ بە هەرێمی کوردستان. لەم بارەویە گوتی: "ئێوە ئێمەتان ئەنفال کردن و کیمیاباران کرد و کۆمەڵکوژ کرد و ئەو کاتەش ئێوە لێتان قەوما ئێمە لێتان خاوەن دەرکەوتووین".
لە درێژەی قسەکانیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان روو بەو لایەن و گرووپە عێراقیانەی کە هەڕەشە لە هەرێمی کوردستان دەکەن رایگەیاند: "ئەوەی دژایەتیمان دەکات و هەڕەشەمان لێدەکات، ئەوە گۆڕەپان با تاقی بکەنەوە". گوتیشی: "دوو ریگەمان لە پێشە یان بن دەستی یان سەربەخۆبوون".
لە کۆتایی گوتارەکەیدا سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی ئاماژەی بە پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و وڵاتانی دراوسێی هەرێمی کوردستان کرد و گوتی: "25 ساڵە لەگەڵ دراوسێکانمان دراوسێیەکی باش بووین و کێشەمان نەبووە".