Sarmand Hameed
14 ئەیلوول 2017•نوێکردنەوە: 15 ئەیلوول 2017
هەولێر - AA
گوتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، د. ئومێد سەباح لە لێدوانێکدا رایگەیاند "سەرۆکایەتیی هەرێمی کورستان زۆر بە توندی بڕیاری ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق بۆ لادانی بەڕێز دکتۆر نەجمەدین کەریم لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک، ڕەت دەکاتەوە".
ماڵپەڕی فەررمی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان بڵاوی کردووەتەوە، گوتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، د. ئومێد سەباح لە لێدوانێکدا رایگەیاندووە کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کورستان زۆر بە توندی بڕیاری ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق بۆ لادانی بەڕێز دکتۆر نەجمەدین کەریم لە پۆستی پارێزگاری کەرکووک، ڕەت دەکاتەوە.
ئومێد سەباح رایگەیاندووە: "بەم هەنگاوەی پەرلەمانی عێراق، جارێکی دیکە شکستی شەراکەت و پێشێلکردنی دەستوور و نەهێشتنی بنەماکانی تەوافوق و گەڕانەوە بۆ زۆرینە و کەمینە دووپات کرایەوە".
لە بەشێکی دیکەی لێدوانەکەیدا، گوتەبێژی فەرمیی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوە کردووە کە "گەلی کوردستان بەگشتی و جەماوەری پارێزگای کەرکووک بەهیچ شێوەیەک پابەندی ئەم بڕیارەی پەرلەمانی عێراق نابن، بەڕێز نەجمەدین کەریم لە پەرلەمانی عێراقەوە متمانەی پی نەدراوە تا لێی وەربگرنەوە. پارێزگاری کەرکووک بە هەڵبژاردن و لە ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک متمانەی وەرگرتووە و خەڵکی کەرکووک خاوەنی ئەو بڕیارەن نەک پەرلەمانی عێراق".