ئەنقەرە
وەزیری دەرەوی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە پرۆگرامێکی تەلەفزیۆنی NTV دا باسی سەردانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان مەسعود بارزانی بۆ دیاربەکر کرد و گوتی: "سەردانی بارزانی بۆ دیاربەکر ئەوە دەسەلمێنێ کە تورکیا متمانەی بەخۆی ھەیە و لە ھەمان کاتدا متمانەی نێوان ھەردوو لامان زیاتر دەکا و کۆماری تورکیاش یەک پارچەیە."
وەزیری دەرەوەی تورکیا ئاشکراشیکرد ھیچ جیاوازیەک لەنێوان ئیستەنبۆڵ و دیاربەکر نییە و گوتی: "ھیچ جیاوازی نێوان سەردانی بارزانی بۆ دیاربەکر و ئیستەنبۆڵ نیە کە ھەندێک کەس وا بیردەکەنەوە ئەو سەردانە تورکیا دابەش دەکات. سەردانی بارزانی سەردانێکی رەمزیە و ئەمە ھەڕەشە و مەترسی نیە بۆ سەر تورکیا، بە پێچەوانەوە متمانەی نێوان ھەردوولا زیاتر دەکات. ئەمە پەیامێکە بۆ براکەمان لە باکووری عێراق."
داودئۆغڵو ھەروەھا باسی رەوشی سوریا و پارتی یەکێتی دیموکرات پەیەدە کرد و گوتی: "راگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی کاتی لە باکووری سوریا تەنیا بە لایەنێک ناکرێ و بەداخەوە خوێندنەوەیەکی باش بۆ ھەڵوێستی پەیەدە ناکرێ و داوا و ئامۆژکاریمان بۆ سەرۆکی پەیەدە ساڵح موسلیم ئەوەیە پەیوەندی لە گەڵ بەشار ئەسەد بچڕێنێ و ھاوکاری رژێمی ئێستای سوریا نەکا."
وەزیری دەرەوەی تورکیا باسی پەیوەندیەکانی تورکیا و پەیەدە و لایەنەکانی دیکەی سوریای کرد و گوتی: "پەیەدە گوێی لە ئامۆژگاریەکانمان گرت و ماوەیەک پەیوەندیەکانی لەگەڵ ئەسەد پچڕاند؛ بەڵام دوای بەھێزبوونی پێگەی ئەسەد لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی، جارێکی دیکە پەیەدە ھاوکاری رژێمی سوریای کرد. حکومەتی تورکیا جیاوازی لەنێوان ھیچ لایەن و پێکھاتەیەکی گەلی سوریا ناکا و گەورەترین ھەڵەی پەیەدە ئەوەیە کە زوڵم و زۆر لە پارتە کوردیەکانی دیکە دەکات و ھیوادارین ئەم رەوشە بگۆڕدرێ بۆئەوەی بە یەکسانی یارمەتی ھەموو پێکھاتەکانی سوریا بدەین."
داودئۆغڵو باسی پەیوەندیەکانی تورکیای لەگەڵ رێکخراوی قاعیدە کرد و گوتی: "ھەموو ئەو دەنگۆ و ھەواڵانەی باس لە ھەبوونی پەیوەندی لە نێوان تورکیا و قاعیدە دەکەن ناڕاستن، لە قەیرانی سوریا تورکیا ھیچ ھەنگاوێکی وای نەھاویشتووە کە ئایندەی ھەردوو گەلی تورک و سریا بکەوێتە مەترسیەوە"