هەولێر
بەپێی راگەیاندراوێکی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا بایدن جارێکی دیکە پشتگیری حکومەتی ئەمەریکای بۆ هەرێمی کوردستان دوپاتکردووەتەوە.
هەروەها بارودۆخی سیاسیی عێراق و رەوشی ئەمنی و سەربازیی بەغدا تاوتوێکراوە و بەپێی راگەیاندراوەکە، هەردوولا پشتگیریی خۆیان بۆ هەنگاوەکانی سەرکۆماری عێراق بۆ راسپاردنی کاندیدی سەرۆکوەزیرانی عێراق، دوپاتکردووەتەوە.
بایدن هیوای خواستووە هاوپەیمانیی کوردستان لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی دیکەی عێراق دەست بکەن بە گفتوگۆ بۆ دامەزراندنی حکومەتێکی گشتگیر و هاوبەشی راستەقینە، کە هەموو لایەنەکان تیایدا بەشداربن و عێراق لەم قەیرانەی ئێستا دەرباز بکرێ.
لە بەرامبەردا بارزانی جەختی لەوەکردووەتەوە کە هەرێمی کوردستان یارمەتی پڕۆسەی سیاسیی عێراق دەدا، بۆ ئەوەی حکومەتێکی شەراکەتی نیشتیمانیی پێکبهێنرێ.