بریزبن
سەرۆکوەزیرانی تورکیا ئەحمەد داودئۆغڵو لە شاری بریزبنی ئوسترالیا گوتی: "ھەواڵی رێککەوتنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بەغدام لە بارەی ھەناردە کردنی نەوتەوە پێگەیشت و ئەمە پێشھاتێکی باش و گرنگە بۆ ئێمە، ساڵانێکی درێژە کە ئێمە وەکو تورکیا ئاماژە بەوە دەکەین کە تا ئەو کاتە لەسەر پرسی وزە لە عێراقدا لایەنەکان نەگەنە رێککەوتن ئەوا راگرتنی عێراقێکی یەکگرتوو زەحمەتە و لەو چوارچێوەیەدا لە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ھەرێمی کوردستان و بەغدا ھەمیشە ھەوڵمان بۆ ئەوە داوە کە لەسەر ئەو پرسە رێکبکەون".
داودئۆغڵو ههروهها گوتی: "بە ھۆی پێداویستی زۆری تورکیا بە وزە و ھەڵوێستەکانی حکومەتی ناوەندی بۆ پەراوێزخستنی حکومەتی ھەرێمی کوردستان و بە ھۆی بڕین و نەناردنی بەشە بوودجەی ھەرێمی کوردستان لە لایەن بەغداوە، تورکیا لە بواری وزەدا ویستی سەرەڕای ئەوەی ھەولێر و بەغدا لە یەکتر نزیک بکاتەوە، ھاوکات پێداویستییەکانی خۆی لە وزە لە ھەرێمی کوردستان دابین بکات تا بەو جۆرە ھاوکاری ھەرێمی کوردستان بێت بۆ چارەسەر کردنی قەیرانی دارایی کە بە ھۆی نەناردنی بەشە بوودجەکەیەوە بەرۆکی گرتبوو. بۆیە ئەو رێککەوتنەی بەغدا و ھەولێر زۆر گرنگە بێگۆمان دواتر ئاگاداری وردەکارییەکان دەبین".
سهرۆك وهزیرانی توركیا له بهردهوامی قسهكانیدا گوتی: "دوای گەڕانەوەم بۆ تورکیا سەردانی عێراق دەکەم و دوای ئەنجامدانی چەند دیدارێک لە بەغدا لەوێشەوە سەردانی ھەولێر دەکەم. له دیدارهكاندا باسی پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق دەکەین".
داودئۆغڵو ههروهها گوتی: "عێراق بۆ تورکیا لە بواری پەیوەندییە ئابورییەکانەوە یەک لە وڵاتە ستراتیژییەکانە، ژمارەیەکی زۆر دەروازەی سنوریمان لەگەڵ عێراقدا ھەیە و لە رێگای ئەو دەروازانەوە کەموکورتییەکانی دەروازە سنورییەکانی دیکە قەرەبوو دەکەینەوە. پشت بەخوا لەگەڵ ئەو رێککەوتنەدا کێشە و گرفتە سیاسییەکانی عێراقیش وردە وردە چارەسەر دەکرێن و عێراق دەگاتە ئەو ئاستەی کە بتوانێ ئەو خەزینەیەی کە لەسەریدا دانیشتووە بەکار بھێنێت. چونکە عێراق لەسەر خەزینەیەکی یەکجار زۆر گهورهی وزەدایە".