Hemn Baban
22 حوزەیران 2019•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2019
ھەولێر - AA
پێش سەردانەکەی بۆ لای بەرەی تورکمانی، مەسرور بارزانی سەردانی ژمارەیەک لایەنی تورکمانی کردبوو و پاشان سەردانی کریستیانەکانیش کرد.
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان ئایدن مەعروف لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو ئاشکرای دەکات راسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم مەسرور بارزانی و شاندی یاوەری پێشنیازی وەزیری ھەرێم -ى خستوەتە بەردەم بەرەی تورکمانییەوە.
لەوبارەیەوە لە پاش سەردانەکەی مەسرور بارزانی بۆ بارەگای سەرەکی بەرەی تورکمانی لەھەولێر کە ئەمڕۆ شەممە بەڕێوەچوو و پێشتریش سەردانی چەند لایەنێکی دیکەی تورکمانی کردبوو، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان ئایدن مەعروف بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند" شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بەسەرۆکایەتی راسپێردراو بۆ پێکھێنانی کابینەی نۆیەمی حکوومەتی ھەرێم مەسرور بارزانی و ژمارەیەک لە ئەندامی پلە باڵای پارتی ھاتبوون بەمەبەستی بەشداریکردنی بەرەی تورکمانی لە کابینەی حکوومەت، پێش ئێمەش لەگەڵ ژمارەیەک لایەنی دیکەی تورکمانی کۆبوونەوە، بەشداریی ئێمە لە حکوومەت گرنگە و ئەوانیش بەچاوی بایەخەوە تەماشای ئەو بەشدارییەی ئێمەیان کرد"
ھەروەھا مەعروف ئەوەشی گوت: "ئەوان بە ئێمەیان راگەیاند کە نوێنەرایەتی تورکمان لە سەرۆکایەتی پەرلەمانیش ھەیە، بۆیە دەبێت ھاوسەنگی لە پۆستەکاندا ھەبێت لەپێناو بەشدرایی پێکھاتەکان، ھەروەھا لەو کۆبوونەوەشدا بە گرنگ زانرا پەیوەندییەکانی ھەردوو لا باشتر بکرێن و باس لە پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان کرا، لەو کۆبوونەوە شاندی میوان پێشنیازی وەزیری ھەرێم - یان بۆ ئێمە کرد بۆ ئەوەی بەشدراییی کابینەی حکوومەت بکەین".
سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان لەدرێژەی قسەکانیدا ئەوەشی گوت" ئێمەش لەلای خۆمانەوە داوای وەزارەتێکمان کردووە بۆ ئەوەی وەکو بەرەی تورکمانی بەشداریی لە کابینەی نوێی حکوومەت بکەین".