Hemin Hüseyin
08 نیسان 2018•نوێکردنەوە: 09 نیسان 2018
هەولێر - AA
کۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەبارەی پرۆژە یاسای چاکسازی بۆ دووسبەی سێشەممە دواخرا.
بڕیاربوو ئەمڕۆ یەکشەممە، سەرۆکایەتی پەرلەمان و سەرۆکی فراکسیۆنەکان لەبارەی پرۆژە یاسای چاکسازی کۆببنەوە.
کۆبوونەوەکە بۆ دووسبەی سێشەممە دواخرا و سەرۆکی فڕاکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، ئایدن مەعروف بە دووری دەزانێت کە رۆژی سێشەممەش کۆبوونەوەکە ئەنجام بدرێت و گومان دەکات کە کۆبوونەوەکە دەکرێتە پڕوپاگەندەی هەڵبژاردنە گشتییەکەی عێراق کە بڕیارە لە ١٢ی مانگی ئایاردا بەڕێوەبچێت.
ئایدن مەعروف بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ یەکشەممە دواخرا بۆ دووسبەی سێشەممە، بەڵام من وا هەست دەکەم پەرلەمان نایەوێت کۆبوونەوەکە ئەنجام بدات، چونکە هەندێک لایەن دەیانەوێت بیکەنە موزایەدەی سیاسیی و بانگەشەی هەڵبژاردن و، پێشبینی دەکەم کە دوای هەڵبژاردنی پەرلەمان قسە لەسەر ئەو پڕۆژەیە دەکرێت".
ئایدن مەعروف گوتیشی: "رۆژی سێشەممە کۆبوونەوەمان هەیە و باوەڕ ناکەم ئەو کۆبوونەوەیە بکرێت و پێشبینی دەکەم کە دوای هەڵبژاردنەکانی عێراق ئەم کۆبوونەوەیە ئەنجام بدرێت".
پرۆژە یاسای چاکسازی لە خانەنشینی و مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکانی دیکە لە ھەرێمی کوردستان لە رۆژی ١٨ی شوباتی ٢٠١٨ لە پەرلەمانی کوردستان پەسەند کرا، بەڵام بڕی مووچەی خانەنشنی پەرلەمانتاران ناڕەزایی زۆری بە دوای خۆیدا ھێنا و پاشتر ژمارەیەک لە فڕاکسیۆنەکانی پەرلەمان داوایان لە دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کرد کە جارێکی دیکە یاساکە بگەڕێننەوە پەرلەمان بۆ ئەوەی ھەموار بکرێتەوە.