Hemin Hüseyin
04 کانوونی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 08 کانوونی دووەم 2018
هەولێر-AA
گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئامار و کاروچالاکیی و رووداوەکانی ساڵی رابردووی راگەیاند کە بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەی رووداوەکان زیادیکردووە و لەبەرامبەریشدا ژمارەی زۆری ئۆتۆمبێلەکان هۆکارێک بوون بۆ بەرزبوونەوەی ئەم رێژەیە.
گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر، فازڵ حاجی لە کۆنگرەیەکی رۆژانامەوانیدا گوتی: "لە ساڵی رابردوودا، ١٨ هەزار و ٩٩ کەس مۆڵەتی شوفێری پێدراوە ئەمە لە کاتێکدایە کە لە ساڵی ٢٠١٦دا، ١٨ هەزار و ٩٨٢ کەس مۆڵەتی شوفێری پێدرابوو، بە گشتی دواین ریزبەندی ژمارەی مۆڵەتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بۆ ساڵی ٢٠١٧ بریتیی بووە لە ژمارە پێنج سەد و پێنج هەزار و ٢١٢ و لەو رێژەیەش پێدانی مۆڵەتی شوفێری بۆ ئافرەتان بە هەموو جۆرەکانییەوە تا ئێستا گەیشتووەتە ٥٣ هەزار و ٨١٥ کەس".
سەبارەت بە ژمارەی ئەو ئۆتۆمبێلانەی کە لە هەریەک لە مەرزی نێودەوڵەتی ئیبراهیم خەلیل و حاجی ئۆمەرانەوە هاوردەی هەرێمی کوردستان کراون، فازڵ حاجی گوتی: "بە گشتی لە ساڵی ٢٠١٧ لە هەردوو مەرزی نێودەوڵەتی ئیبراهم خەلیل و حاجی ئۆمەران ٦١ هەزار و ٧٠٠ ئۆتۆمبێلی ژمارە کاتی هاتوونەتە ناو هەرێم کە لەم ژمارەیەش ٣٩ هەزار ٥٠٠ ئۆتۆمبێل لە مەرزی ئیبراهم خەلیل و ٢٢ هەزار دووسەد ئۆتۆمبێلیش لە مەرزی نێودەوڵەتی حاجی ئۆمەرانەوە هاتوونەتە هەرێمی کوردستان ئەمە لە کاتێکدایە کە ساڵی ٢٠١٦دا، ٣٠ هەزار و ٧٠٠ ئۆتۆمبێل لە هەردوو مەرزەوە هاتبوونەتە هەرێمی کوردستان".
رووداوەکانی هاتۆچۆش بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەکەی بەرزبووەتەوە و سەبارەت بەم بابەتەش گوتەبێژی پۆلیسی هاتوچۆی پارێزگای هەولێر فازڵ حاجی گوتی: "لە ساڵی ٢٠١٧دا، هەزار و ٣٥٤ رووداوی هاتوچۆ تۆمارکراون کە بووەتە هۆی گیانلەدەستدانی ٢١٩ هاووڵاتی و برینداربوونی هەزار و ٤٣٧ کەسی دیکە ئەمەش بەراورد بە ساڵی رابردوو رێژەکە بەرزبووەتەوە لە کاتێکدا ساڵی ٢٠١٦ رێژەی رووداوەکان هەزار و ٢٦٣ رووداو بوو کە تیایدا ٢١٥ کەس گیانییان لەدەستدا بوو، هەروەها ژمارەی بریندارەکانیش بریتیی بوو لە هەزار و ١٩١ کەس".
ژمارەی سەرپێچیکردنی یاساکانی هاتوچۆش بەراورد بە ساڵی ٢٠١٦ زیادیکردووە و وەک گوتەبێژی ئەم بەڕێوەبەرایەتییە ئاشکرای دەکات کە سزایەکی زۆری ئەو سەرپێچیکارانەیان داوە و لەمبارەیەوە فازڵ حاجی گوتی: "سەرپێچی جۆراوجۆر لە ساڵی ٢٠١٦دا بریتیی بووە لە ٣٢٩ هەزار و ٦٧٤ سەرپێچی کە تیایدا دەست بەسەر دووهەزار و ٨٥٣ ئۆتۆمبێل و ٤٦٣ مۆتۆڕسیکیلدا گیراوە، هەروەها ژمارەی سەرپێچیکردنی خێرایی کە لە کامێراکانی چاودێرییەوە تۆمارکراون بریتیی بووە لە ١٥١ هەزار و ٤٥٠ سەرپێچیکردن".