Muhammet Ali Kemal
12 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2017
رامەڵڵا - AA
لەئەنجامی پێکدادانەکانی نێوان سەربازانی سوپای ئیسرائیل و فەڵەستینییەکاندا لە کەرتی خۆرئاوا و غەززە، ٦٢ کەس برینداربوون و ١٠٤ کەسی دیکەش بەهۆی ئەو گازە فرمێسکڕێژانەی لە دژی خۆپیشاندەران تەقێنراون باری تەندروستییان تێکچووە و رووبەڕووی مەترسیی خنکان بوونەتەوە.
لە کاردانەوەی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپدا سەبارەت بە ناساندنی قودس وەک پایتەختی ئیسرائیل، دوێنێش خۆپیشاندانەکان بەردەوام بوون و سەربازانی سوپای ئیسرائیل بە گوللـەی راستەقینە و گوللـەی پلاستیکی و گازی فرمێسکرێژ بەرەوڕووی خۆپیشاندەران بوونەوە.
لە راگەیەنراوێکدا کە لەلایەن مانگی سووری فەڵەستینەوە بڵاوکراوەتەوە، ئاماژە بەوەکراوە لە کەرتی خۆرئاوا ٣٨ فەڵەستینی کە ٩یان بە گوللـە بووە، برینداربوون و ١٤ فەڵەستینی دیکە لێیان دراوە و ٧٣ کەسی دیکەیان بەهۆی ئەو گازە فرمێسکڕێژانەی تەقێنراون باری تەندروستییان تێکچووە و رووبەڕووی مەترسیی خنکان بوونەتەوە.
هەروەها باس لەوەکراوە لە ئەنجامی گرژییەکانی غەززەدا ٢٤ فەڵەستینی کە ٢١یان بە گوللـە بووە برینداربوون و ١٧ کەسی دیکەشیان بەهۆی ئەو گازە فرمێسکڕێژانەی تەقێنراون باری تەندروستییان تێکچووە و رووبەڕووی مەترسیی خنکان بوونەتەوە.
لە خۆپیشاندانەکاندا لە زۆر شاری فەڵەستین لە رۆژی پێنجشەممەوە تا ئێستا گرژیی لە نێوان فەڵەستینییەکان و سەربازانی سوپای ئیسرائیلدا درووست بووە.
رۆژی ٦ی کانوونی یەکەم سەرۆکی ئەمریکا، دۆناڵد ترەمپ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا بڕیاری ژمارەی ٤٧٨ی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی ساڵی ١٩٨٠ کە دانی بە راگەیاندنی قودسی رۆژهەڵات وەک پایتەختی ئیسرائیل دا نەنا، پێشێل کرد و قودسی وەک پایتەختی ئیسرائیل ناساند و گوتی: "کاتی ئەوە هاتووە بە فەرمی دان بە قودسدا وەک پایتەختی ئیسرائیل بنێین".
دۆناڵد ترەمپ راشیگەیاند وەزارەتی دەرەوەی راسپاردووە دەستبە ئامادەکارییەکانی گواستنەوەی باڵیۆزخانەی وڵاتەکەی لە شاری تەلئەبیبەوە بۆ قودس بکەن.
ئیسرائیل لە 5ی حوزەیرانی ١٩٦٧ەوە قودسی رۆژهەڵاتی داگیرکردووە. لە ساڵی ١٩٨٠وە تاکلایەنە بەشی رۆژهەڵات و رۆژئاوای شارەکەی وەک "پایتەختی یەکگرتوو" راگەیاندووە.
ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی بە پەسەندکردنی بڕیاری ژمارە ٤٧٨ لە ساڵی ١٩٨٠دا راگەیاندنی قودسی بە پایتەختی ئیسرائیل، رەتکردەوە.
بە پێی بڕیارەکەی ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بە ئەمریکاشەوە دان بەوەدا دەنێن کە قودسی رۆژهەڵات لە ژێر داگیرکاریدایە.
سەرجەم ئەو وڵاتانەی دان بە ئیسرائیلدا دەنێن باڵیۆزخانەکانیان لە تەلئەبیبە و هیچ وڵاتێک دان بەوە دانانێت قودس یان بەشی رۆژهەڵات یان رۆژئاوای شارەکە پایتەختی ئیسرائیل بن.