Hakan Çopur,Muhammet Ali Kemal
12 کانوونی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2017
نیویۆرک - AA
ئەنجامدەری تەقینەوەکەی شاری نیویۆرک کە کەسێکی بە رەگەز بەنگلادیشییە بەناوی عەقائید ئوڵڵا بە ڤیزەی کۆچبەریی لە ساڵی ٢٠١١دا چووەتە ئەمریکا و شێوازی درووستکردنی بۆمبەکەشی لە ئینتەرنێتەوە دەرهێناوە.
کاربەدەستانی پۆلیسی نیویۆرک ئاشكرایانکرد ئەنجامدەری هێرشەکە کە بووە هۆی برینداربوونی چوار کەس، تەمەنی ٢٧ ساڵە و بە ڤیزەی کۆچبەریی لەسەر بنەمای پەیوەندیی خێزانیی هاتووەتە ئەمریکا و لە ناوچەکی بروکلینی شاری نیویۆرک دەژی.
عەقائید ئوڵڵا لە نێوان ساڵانی ٢٠١٢-٢٠١٥دا شۆفێری تەکسی بووە و دوای ئەوەی مۆڵەتی کارکردنەکەی لەو کارەدا تەواوبووە، وازی لە شۆفێریی تەکسی هێناوە.
هاوکات پارێزگاری نیویۆرک، ئاندرو کوۆمۆ لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی سی ئێن ئێن، ئاماژەی بەوەکردووە هێرشبەرەکە شێوازی درووستکردنی بۆمبەکە لە ئنتەرنێتەوە فێربووە و بۆمبەکەشی لە شوێنی کارەکەی درووستکردووە.
لەکاتێکدا تا ئێستا هیچ روونکردنەوەیەک سەبارەت بە ئامانجی هێرشبەرەکە بڵاونەکراوەتەوە، ئاماژە بەوەدەکرێت عقائید ئوڵڵا ''کاریگەریی داعشی لەسەر بووە، بەڵام بە شێوەیەکی راستەوخۆ پەیوەندیی بە رێکخراوەکەوە نەبووە''.
لای خۆیشییەوە گوتەبێژی کۆشکی سپی، سارا ساندەرز لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی رۆژانەی خۆیدا روونکردنەوەی سەبارەت بە هێرشەکە دا.
سارا ساندەرز ئەو زانیارییەی پشتڕاستکردەوە کە هێرشبەرەکە لە ساڵی ٢٠١١دا بە ڤیزەی کۆچبەریی هاتووەتە ئەمریکا و رایگەیاند ''لەمەوە ئەوە رووندەبیتەوە کە سەرۆک چەند لەسەر هەقە بەو پێشنیازەی داوای پێداچوونەوە بە کۆی سیاسەتی کۆچبەراندا دەکات''.
سارا ساندەرز جەختی لەوەکردەوە ترەمپ ماوەیەکی زۆرە سەبارەت بە ڤیزەی کۆچبەران بانگەوازی لە کۆنگرێس کردووە و ئەو هێرشەش نیشانەی ئەوەیە کە سەرۆک دۆناڵد ترەمپ چەند لەسەر هەقە سەبارەت بە سیاسەتی کۆچبەران لە ئەمریکا.
ئەوە راگەیەنرابوو کە سەرلەبەیانی دوێنێ بەکاتی نیویۆرک لە وێستگەیەکی میترۆی ناوچەی مانهاتن لە ئەنجامی تەقاندنەوەی ئەو بۆمبە دەستکردەی لە خۆی بەستبوو، هێرشبەرێک خۆی و سێ کەسی دیکەی بریندارکردووە.
لای خۆیشییەوە پۆلیس رایگەیاند هێرشبەرەکە ناوی عەقائید ئوڵڵایە و تەمەنی ٢٧ ساڵە و دەستگیرکراوە.