نیویۆرک
لە سان فرانسیسکۆ کۆنفرانسی گەشەپێدانی سۆفتوێر Software بەڕێوەچوو، بەپێی ئەو زانیارییانەی خراونەتەڕوو دەرکەوتووە کۆمپانیای Apple تائەمڕۆ زیاتر لە ٨٠٠ ملیۆن ئامێری iOS ی لەجۆرەکانی iPhone , iPad , iPodی فرۆشتووە.
هەروەها دەرکەوتووە لە ساڵی رابردوودا ١٣٠ ملیۆن بەکارهێنەری تازە، ئامێری iOS یان کڕیوە.
لە ریزبەندی یەکەمی ئامێرە فرۆشراوەکانیشدا iPhone دێت کە بڕی٥٠٠ ملیۆنی لێ فرۆشراوە و دوای ئەو iPad دێت کە ٢٠٠ ملیۆنی لێ فرۆشراوە. iPodیش١٠٠ ملیۆنی لێ فرۆشراوە.
کۆمپانیاکە سەبارەت بە سیستمی iOS 8 زانیاری زیاتری بڵاوکردەوە کە بەنیازە لە وەرزی پایزدا بیخاتە بەر دەستی بەکارهێنەرانی، تێیدا گۆڕینەوەی زانیارییەکان لەنێوان ئامێری مۆبایلەکان و کۆمپیوتەرەکان ئاسانتر دەکا.
لەڕێی ئەپڵیکەیشنێکی تازەوە بەناوی HealthKit دەتوانرێ زانیاری ورد لەسەر کێشی لەش، فشاری خوێن، لێدانی دڵ و کالۆریی کۆبکرێتەوە. ئەوەیش ژیانێکی تەندروست بۆ هەموو لایەک لە بەکارهێنەرانی دابین دەکا.
یەکێکی دیکە لە ئاسانکارییەکان لە سیستمی تازەدا ئەوەیە کە گۆڕینەوە و شەیرکردنی گۆرانی، کتێب، وێنەو فیلم لەنێوان ئامێری ماک و مۆبایلەکاندا ئاسانتر دەکا.