تەرابلوس
کۆنگرەی گشتی میللی لیبیا - پەرلەمان- ئەحمەد معیتیقی وەکو سەرۆکوەزیرانی نوێی وڵات پەسەندکرد.
معیتیق لە تەلاری سەرۆکایەتی ئەنجومەنی وەزیران کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانی ڕێکخست و تێیدا رایگەیاند پۆستی سەرۆکوەزیرانی لە عەبدوڵا سینی وەرگرتووە.
لە کاتی لێدوانی معیتیق بۆ رۆژنامەوانان، سینی ئامادەی کۆنگرە رۆژنامەوانییەکە نەبوو.
معیتیق ئاماژەی بەوەدا کابینەکەی لە ناو تەلاری ئەنجومەنی وەزیران کۆبۆتەوە و نیگەرانی دەربڕی لە رەوشی پارێزگای بنغازی کە ئێستا بۆتە گۆڕەپانی شەڕ و نائارامی.
ئەو جەختیکردەوە یەکەم کاری حکومەتەکەی، بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و تیرۆریستان دەبێ.
معیتیق گوتی: "ڕێنادەین لیبیا ببێتە جێی نیگەرانی و مەترسی بۆ وڵاتانی دراوسێمان، حکومەت هەوڵی تەواوی خۆی دەخاتەگەڕ تاکو هەڵبژاردنی پەرلەمانی کە رۆژی ٢٥ی حوزەیران بەڕێوە دەجێ سەرکەوتووبێ."